$رۆژهەڵاتی کوردستان$
- لقی 1ی دادگای ئینقلابی #سنە# بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی، حوکمی سێ مانگ و ڕۆژێک زیندانیی بەسەر فەردین مەولوودیدا سەپاند. لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە.[7]
- بەڕێوەبەری کاناڵی تێلگرامیی شارەکەم #پاوە# بە ناوی سەعید ئەحمەدی کوری نەجیم خەڵکی شاری پاوە، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو چالاکە میدیاییەیان بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی پەیوەندییدار بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە ناوچەی هەورامان دەسبەسەر کردووە.[7]
$باشووری کوردستان$
- #وەزارەتی تەندروستی# ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، 18 تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری #هەولێر# دەستنیشانکران، کە 8 پیاو و 6 ئافرەت و 4 منداڵن. بەمەش کۆی گشتی تووشبووانی پرسەی ماتەمینیەکەی گەرِەکی کارێزان بووە 32 تووشبوو. هەروەها کۆی گشتی توشبووان لەهەرێمی کوردستان گەیشتە 232 کەس.[2]
- بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: 11 تووشبووی دیکەی #کۆرۆنا# لەشاری سلێمانی چاک بوونەتەوە.[4]
- سێ تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری سلێمانی دەستنیشانکران، کە 3 ژنن تەمەنەکانی (20) و (24) و (28) ساڵن، هەموویان بەرکەوتەی تووشبووی پێشوون و دانیشتووی شارۆچکەی #چەمچەماڵ#ن.[4]
- سەنتەری هەماهەنگی فریاکەوتنی هەولێر ڕایگەیاند: لەئەنجامی پابەندنەبوونی هاووڵاتیان پلانی (C)یان جێبەجێکردوە و نەخۆشخانەی ڕزگاری بۆ توشبووانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئامادەکراوە.[4]
- ئەمڕۆ ئەنجامی پشکنینی 100 کەسی دانیشتووی کۆمەڵگەی سێبیران ئاشکرا کرا کە پشکنینی هەموویان نێگەتیڤ بووە و دوای 15 ڕۆژ ئەمڕۆ کەرەنتین لەسەر سێبیران هەڵدەگیرێت.[5]
- پارێزگاری #سلێمانی# ڕایگەیاند، دوای تەواوبوونی قەدەغەی تووندی هاتووچۆ هەر هاونیشتمانییەک بەبێ دەستکێش و دەمامک بچێتەدەرەوە ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.[1]
- دوای ئەوەی کەسێک لە گوندی #بێسەڵمێن#ی #شارەزوور# تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت، دوێنی بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی چاکبوونەوەی ئەو کەسەی ڕاگەیاندووە و بە ئەمبوڵانسی تەندروستییەوە دەینێرێتەوە بۆ گوندەکەی، بەڵام چەند گەنجێکی دانیشتووی گوندەکە تەقەیان کردووە. کەمال ئەحمەد، وتەبێژی نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ ڕایگەیاند: دانیشتوانی گوندەکە وەک کاردانەوەیەک قبوڵیان نییە کارمەندانی تەندروستی بچنە گوندەکەیان، بۆیە ئەو تەقانەیان کردووە، بەڵام ئێمە هاووڵاتییەکەمان گەیاندووەتەوە گوندەکەی و 15 پشکنینی دیکە وەرگیراوە تا دڵنیاببینەوە لەوەی دانیشتوانی گوندی بێسەڵمێن چەندی دیکەیان توشی ڤایرۆسەکە بوون.[5]
- ڕۆژنامەنووس #هێمن مامەند# لە هەولێر بە کەفالەتی 10 ملیۆن دیناری ئێڕاقی ئازادکرا.[2]
- لە ڕاگەیەندراوێکدا ژووری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر دووپاتی کردەوە، گەورەترین کارگەی درووستکردن و بەرهەمهێنانی #دەمامک# لە شاری هەولێر دەکرێتەوە.[5]
- بەرنامەی نیشتەجێکردنی #نەتەوە یەکگرتووەکان# پێشوازی لە یارمەتییەکی دارایی نوێی حکومەتی ژاپۆن کرد کە بە بڕی 3.6 ملیۆن دۆلار لەلایەن حکومەتی ژاپۆنەوە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە بۆ بنیاتنانەوەی شارۆچکەی #شنگال# کە بەهۆی شەڕی #داعش#ەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە.[1]
- ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی پارە بەناوی هاوکاری ڕێگەپێدراونییە و بۆ هیچ کەسێک یان لایەنێک نییە کەمپەین ڕابگەیێنێت.[1]
$رۆژئاوای کوردستان$
- لە کەمپی نەورۆز لە شاری #دێرک#، ڕۆژی هەینی بە هۆی ئاگری سۆپاوە، 4 منداڵ گیانیان لەدەست دابوو و 7 کەسی دیکەش بریندار ببوون، ئەمڕۆ 3 کەسی دیکە لەو سووتاوانە گیانیان لەدەستدا.[3]
- دەوڵەتی داگیرکەر ئێوارە ئەمڕی کاتژمێر 19:30 گوندی شێخ خەلیلی سەر بە تل ڕەفعەتی ناوچەی شەهبای تۆپباران کرد.[3]
$دەرەوەی کوردستان$
- وەزارەتی تەندروستی عێراق، ڕایگەیاند، لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و عێراق لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا 5 کەسی دیکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیانلەدەستداوە و 83 تووشبووی دیکەی نوێش تۆمارکراون، 20 کەسیش چاکبوونەتەوە.[6]
- وتەبێژی #وەزارەتی پەروەردە#ی عێراق، ئاشکرایکرد کە ئەنجامی نیوەی ساڵی قۆناغی سەرەتایی خوێندن، بە ئەنجامی کۆتایی ساڵی خوێندنی ئەمساڵی پۆلەکانی یەک تا پێنجی سەرەتایی هەژمار دەکرێت. ئەم بڕیارەی ئێڕاق، ناوچە جێناکۆکەکانی وەک #کەرکووک# و #خانەقین# و ئەوانی تریش دەگرێتەوە.[6]