کۆچ و مەرگی سەرهەڵگرتوان داخبارمان دەکات
بەداخێکی گرانەوە، دیسانەوە سەرچاوەکانی هەواڵ باسیان لە کارەساتێکی دیکەی کۆچبەران کرد کە لە نێوان وڵاتی بەریتانیا و فەرەنسادا ڕوویداوە. بە گوێرەی هەواڵەکان، بەلەمێک کە کۆچبەرانی نایاسایی دەگوازتەوە، لە کەناڵی مانش، لە نێوان بەریتانیا و فەرەنسا وەرگەڕاوە و ژێر ئاو کەوتووە، بەو هۆیەشەوە زیاتر لە سی کەس خنکاون، کە سێ منداڵ و ژنێکی بارداریشیان لەگەڵدا بووە؛ بە شیمانەی زۆرەوە، ئەوانەی بوونەتە قوربانی، زۆربەیان کوردی هەرێمی کوردستانن و لەبەر ستەم و نابەرابەری سەری خۆیان هەڵگرتووە و ڕوویان لە هەندەران کردووە.
ئێمە لە #بەرەی گەل#، لەکاتێکدا ئەم ڕووداوە بە کارەساتێکی جەرگبڕ دادەنێین، هەروەها داخباری و نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین و سەرەخۆشی لەبنەماڵەی قوربانیەکان دەکەین، لە هەمان کاتدا بەرپرسانی وڵات بە هۆکاری ئەو کۆچە دەزانین و هەموو ئەو کەس و لایەنانەش تاوانبار دەکەین کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن.
هەر لەم پێوەندەدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە دان بە خۆیاندا بگرن و بیر لە داهاتووی نیشتمانەکەمان بکەنەوە، ڕاستییەکەی لە جیاتی سەرهەڵگرتن و کۆچ کردن، باشتر و گونجاوتر ئەوەیە کە ڕیزەکان پتەو بکرێن و لە دەورەی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن کۆببنەوە، چونکە تەنیا بە دەستاودەستکردنی دەستەڵات، ماف و داخوازییە ڕەواکان دابین دەبن، بژێوی خەڵک باش دەبێ و کەشتی نیشتمان لە لێواری بێوەییدا ئارام دەگرێ و دەگیرسێتەوە.
ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە گەنج و لاوانی کوردستان لە خۆڕاوە سەرۆڕۆیی ناکەن و یاری بە چارەنووسی خۆیان ناکەن و بەرەو نادیاری سەر هەڵناگرن، بەڵکو لە ئازاری ژان و برینەکانی خۆیانەوە وەزاڵە هاتوون، بۆیە ئەرکی دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە کە واز لە لاملی و کەللەڕەقی بهێنن و داخوازیە ڕەواکانی جەماوەر جێبەجێ بکەن.
وتەبێژی بەرەی گەل
#25-11-2021#
[1]
Cet article a été écrit en (کوردیی ناوەڕاست) langue, cliquez sur l'icône
pour ouvrir l'élément dans la langue originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Cet article a été lu fois 1,334
Donnez votre avis sur ce produit!