(ئەحمەد حەسەن عەزیز)
شاعیر و نووسەری پایەبەرزی کورد، ساڵی 1922 لە سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی 1941 بووە بە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا، لە کۆتایی چلەکاندا لەسەر هەڵوێستی سیاسی لە وەزیفە دەرکراوە و چەند جارێک تووشی زیندان و دوورخستنەوە بووە. ساڵی 1957 کۆمەڵێک شیعری بەناوی (#ڕازی تەنیایی#) یەوە بەچاپ گەیاندووە، ساڵی 1959 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی تردا کۆمەڵەی ئازادی ژیانەوەی یەکێتیی کورد- #کاژیک#یان دامەزراندووەو هەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەکەمی، سەردەمێک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتیی نووسەرانی کورد بووەو سەردەمێکیش سەرۆکی لقی سلێمانی بووە.
ساڵی 1963 پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشی کوردستانەوە، ساڵی 1966 لە سەردەشت لەلایەن دەزگای موخابەراتی ئێران (#ساواک#) ەوە دەستگیر کراوە و لەگەڵ بەربوونیدا گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان، پاش ڕێکەوتننامەی #11ی ئازار#ی 1970، ساڵی 1973-1974 لە کۆلیجی ئادابی زانکۆی سلێمانی مامۆستای موحازیر بووە. لەگەڵ هەڵگیرسانەوەی شەڕدا، ساڵی 1974 دیسانەوە پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشەوە، پاش هەرەسهێنانی شۆڕشی ئەیلوول، لە ئێران ئاوارە بووە تا ساڵی 1979، ساڵی 1979 شەڕی نێوخۆ نائومێدیی دەکات و بڕیاردەدات بۆ پاراستنی هەڵوێستی سەربەخۆی خۆی، بگەڕێتەوە بۆ سلێمانی، لەگەڵ باڵاگرتنی دڕندەیی #بەعس#دا، جارێکی تر لە ساڵی 1988دا پەیوەندی کردۆتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوەو بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتیی پارتی سوشیالیستی کورد (#پاسۆک#) .
ساڵی 1989 وازی لە پاسۆک هێناوەو وەکوو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لە ڕیزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا ڕاپەڕینی 1991، ساڵی 1992 لە لەندەن نیشتەجی بووەو هەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر (کێشی عەرووز لە شیعری کوردیدا) ، تەواوکردووە. پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و ساڵی 2004 لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە. بەهۆی ژیانی پڕ لەئاوارەیی و دەربەدەرییەوە، گەلێک لێکۆڵینەوەو دەقی ئەدەبی و هونەریی فەوتاون و ڕووناکییان نەدیوە. ڕۆژی 29-10-2006 لەماڵەکەی خۆیدا لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.