محەمەد ساڵح دیلان
کوڕی مەلا ئەحمەدی کوڕی مەلا ساڵحی کوڕی مەلا قادرە. ساڵی 1927 لە گەڕەکی گۆیژەی شاری
سلێمانیسلێمانی لەدایکبووە. سەرەتا لە مزگەوتی بابەعەلی خراوەتە بەر خوێندنو دواتر لە قوتابخانەی خالدییە قۆناغی سەرەتایی تەواوکردووەو درێژەداوە بەخوێندنو تا پۆلی سێی ناوەندی خوێندووە. ساڵی 1947 لە فەرمانگەی تووتن دامەزراوە.
لە تەمەنی بیست و یەک ساڵیدا شیعری بڵاوکردۆتەوەو لە دوای گۆران بەسەرتۆپی نەوەیەکی نوێی شیعری کوردی لەقەڵەمدەدرێت. ئەم شاعیرە خۆی و بەرهەمە ئەدەبییەکەی تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنی کێشەی گەلەکەیو دژایەتیکردنی کۆنەپەرستانو بەکرێگیراوان. لە ساڵی 1948 تا 1966 نۆ جار زیندانی کراوە و گەلێک جاریش دوورخراوەتەوەو تووشی ئازارو ئەشکەنجەدانو نانبڕین بووە.
شیعرە نیشتمانییەکانی دیلان رۆڵێکی گەورەیان بینی لە بەرزکردنەوەی ئاستی ەوشیاری خەڵکی کوردستانداو حەمە ساڵح دیلان-یانکردە مەشخەڵێکی گەورەی سەر رێبازی کوردایەتی، کەم رووداوی نیشتمانییو نەتەوەیی هەیە دیلان بەشداری تیانەکردبێت و نەیکردبێتە بۆنەیەک بۆ جۆشدانی خەبات.
ئەم رۆشنبیرە گەورەیە ساڵی 1954 بەبێ مۆڵەتی دەوڵەت بەشداریکرد لە کۆنگرەی ئاشتیو هاوکاری گەلان-دا کە لە شاری (ڤیەننا)ی پایتەختی نەمسا ساز کرا، لەسەر ئەم بەشداریکردنە کە گەڕایەوە رەوانەی زیندان کرا. حەمە ساڵح دیلان جگە لەوەی کە شاعیرێکی گەورەو تێکۆشەرێکی خاوەن هەڵوێست بوو، دەنگخۆشێکی کەموێنەو ئاوازدانەرێکی دەگمەنیش بوو.
گۆرانییو مقامە بەسۆزەکانی دیلان کە شیعری زوربەیان نووسینی خۆیەتی تا ئێستاش هەر زیندوون. دیلان-ی شاعیرو ەونەرمەند خاوەنی (مامە کوڕنوو)، (ئەی نازەنین)،(شێخ مەحمودی زیندوو) لە 28ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1990 دا، بە نەخۆشی دڵ کۆچیدوایی کردو لە پاش خۆی خەرمانێکی پڕ بەرەکەتی لە شیعرو ئاوازی دڵڕفێنو گۆرانیی رەسەن بۆ بەجێهێشتین.
شاعیری نوێکاری کورد و مەقامزانی بلیمەت محەمەد ساڵح دیلان لە 1990-10-28 دا لە تەمەنی 63 ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە وێژە و لە هونەر و کورد و کوردستان کرد و ناو و خزمەتگوزاریی بۆ میللەتەکەی تا هەتایە بەنەمریی مانەوه.
دیلان خەباتگێڕێکی دڵسۆزی میللەتەکەی و دەنگێکی رەسەن و ناسکی هۆنراوەی نوێی کوردی بوو، شاعیرێکی نوێکاری رێبازی ریالیزمی نوێ بوو لە وێژەیی کوردیدا، زۆربەی هۆنراوەکانی پەردەیەکی تەنکی رۆمانسیەتی بەسەردا هەڵکێشرا بوو، ئەمەش جۆرە جوانی و ناسکیەکی پێ بەخشی بوون.
[1]