$ژیاننامە$
کوردناس و زانای مەزنی کوردی #یەکێتی سۆڤیەت#ی جاران پڕۆفیسۆر قەناتی کوردۆ ڕ لە ڕۆژی #1909-09-12# لە گوندی سوسزی ناوچەی قانزمانی هەرێمی #قارس# لەکوردستانی باکوورری سەر بەدەوڵەتی عوسمانی لەدایکبووه، ناوی تەواوی قەنات کوڕی کوردۆ کوڕی کەلەش کوڕی خدرە و لەسەر ئایینی #ئێزیدی# بووه.
لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانی لە ساڵی 1918دا کە تورکەکان جینۆسایدی ئەرمەنی کرد، بنەماڵەی قەنات و خەڵکی ئاواییەکەیان خۆیان لەچنگی تورکەکان ڕزگار کردو بەرەو ناوچەی ئاپارانی #ئەرمەنستان#ی ژێر دەستی ڕووسیا کەوتنەڕێ و لەو ناوە لە گوندی کۆربلاخ نیشتەجێ بوون، کەخەڵکی گوندەکە هەموویان کورد بوون، هەر لەو ساڵەدا تورکەکان ناوچەی ئاپارانیان داگیر کرد، بەتایبەتی گوندەکانی کورد، بۆیەماڵی قەنات ماوەیەک دەربەدەربوون و لەدواییدا گەڕانەوە ئاپاران و باوکی بە حەماڵی گوزەرانی دەکردو لە ساڵی 1920دا ڕوویان کردە گورجستان و لە شاری تفلیس نیشتەجێ بوون و ملیان دایە ڕەنجبەری و باوکی لە1921دا کۆچی دوای کرد و پەروەردەکردنی ئەو کوڕە 12 ساڵییە کەوتە ئەستۆری دایکی و هەر لەو ساڵەدا لەقوتابخانەی هاگۆب گازاریانیی ئەرمەنی ناسراو بە لازۆ دەستی بەخوێندن کرد و ئەو زانایە بە پیتی لاتینی ئەرمەنی فێری کورد و ژنەکەشی زمانی ئەرمەنی فێرکرد.
$خوێندن$
قەناتی کوردۆ لە ساڵی 1928دا خوێندنی سەرەتایی لەو قوتابخانە تایبەتیە تەواوکرد و لەکۆلیژی کارگەران لە شاری لینینگراد وەرگیراو لە ساڵی 1931دا ئەو کۆلیژەی تەواو کرد، کەبەرانبەر قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی بووە و لەکۆتایی ئەو ساڵەدا قەنات و دوو هاوڕێی کوردی کۆلیژی زمانەوانەی زانکۆی لینینگراد وەرگیران و لە ساڵی 1936دا خوێندنی تەواو کرد و بڕوانامەی دیبلۆمی وەرگرت و هەر ئەو ساڵە لە بەشی دکتۆرا وەرگیراو لە ساڵی 1941دا خوێندنی باڵای تەواو کرد و بڕوانامەی دکتۆرای وەرگرت و لەپەیمانگای ئەسنۆگرافیای ئەکادیمیای زانستی سۆڤیەت دامەزراوه، دوای ماوەیەکی کەم نێردایە فابریکەی شەفەقی سوو تا مانگی شوباتی 1942.
دکتۆر قەناتی کوردۆ لە ساڵی 1945دا بووە ئەندامی #پارتی کۆمۆنیست#ی ڕووسیا و لەپاش جەنگ بوو بە مامۆستای زمانی کوردی بەخوێندکارانی بەشی ئێرانی دەگوتەوه.
لە ساڵی 1947ەوە تاکو 1960 سکرتێری لیژنەی ناوچەی پارتی کۆمۆنیستی پەیمانگەی #ڕۆژهەڵاتناس# بووە لەو شارەی لینینگراد دا تاکو ساڵی 1958 قەناتی کوردۆ و ئیسحاق تسوکەرمان و مارگریت ڕودینکۆ خەریکی کوردناسی بوون لەبەشی ئێرانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی و لە ساڵی 1958دا بەشی کوردی بەیارمەتی یوسف ئۆربێلی سەرۆکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناس جیاکرایەوە و بووەبەشێکی سەربەخۆ.
لەسەرەتادا ئۆربێلی خۆی بووەسەرۆکی، بەڵام لەدواییدا دکتۆر قەناتی کوردۆ بەسەرۆکی بەشەکە هەڵبژێردرا. ئەوەی شایانی گوتنیشە دکتۆر قەنات لە ساڵی 1968دا بڕوانامەی دکتۆرای ناووک واتە دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت و پلەی زانستی بووەتە پڕۆفیسۆر.
تاکو ڕۆژی کۆچی دوایی لە #1985-10-31#دا وەک سەرۆکی بەشی کوردی و زانایەکی مەزنی کورد و کوردناسێکی دڵسۆز و لێهاتووی نەتەوەکەی خزمەتی زمان و وێژەی و مێژووی کوردی کرد.
$هەندێک لە بەرهەمەکانی$
پڕۆفیسۆت قەناتی کوردۆ گەلێک بەرهەمی بەنرخی نووسیوە و بڵاوکردۆتەوە لەوانه:
1. تەحویری مێژووی کورد لەزانستی مێژووی بۆ ڕجوازیی فارس - ساڵی 1954
2. خەپاتۆر ئابۆڤیان وەکوو کوردناس و ئەسنۆگراف - ساڵی 1955
3. بیروباوەڕی ناڕاست لەبارەی زمانی کوردییەوە- ساڵی 1955
4. کورد لەپەرتووکی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - ساڵی 1957
5. فەرهەنگی کوردی - ڕووسی شێوەی کرمانجی باشوو - ساڵی 1983
6. پەرتووکی ڕێزمانی کوردی - ڕەوان - ساڵی 1956
7. ئەحمەدی خانی و بەرهەمی وێژەیی
8. دروستبوونی وشەلەزمانی کوردیدا
9. کوردی سۆڤیەت لەوێژەیی کوردی دەرەوەدا
10. بیروباوەڕی قارەمانیەتی لەبەرهەمی وێژەی ئەحمەدی خانی دا [1]