لە ساڵی 1925 دا لە گوندی لۆدێ دەڤەری بۆتان لە کوردستانی باکوور هاتۆتە دنیاوە و لە منداڵییەوە هەستی بە ستەمی کاربەدەستانی تورکیا کردووە بە تایبەتی دوای کوژاندنەوەی شۆڕشەکەی کورد لە ئاگری داغ لە ساڵی 1930 بە سەرکردایەتی ئیحسان نووری پاشا، بۆیە لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە بەخاووخێزانەوە زێدی باب و باپیرانیان بەجێهێشت و ڕوویان کردە کوردستانی باشوور و لە #زاخۆ# جێگربوون ملیان دایە کاروکاسبی.
سەبری لە تەمەنی هەرزەکارییەوە هەستی کوردایەتی لەلاخولقاوە و چووەتە پاڵ پارتی هیوا و لەسەر چالاکی ڕامیاری لە ساڵی 1945دا بە تاوانی پشتگیری کردنی شۆڕشی بارزان گیراوە و لە شاری مووسڵ خراوەتە بەندیخانەوە و کاتێکیش کە #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە ساڵی 1946 دامەزرابوو ئەندامێکی بە جەرگ و چالاکی ئەم پارتە نەتەوەییە دیموکراتییەی کورد و لەو سەردەمەوە بەهرەی شاعیریی لەلا خولقاوە و هۆنراوەی نیشتمانی داناوه. لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی کورد لە 1961.09.11دا بووەتە #پێشمەرگە#ی کوردستان و ئەرکی چەکداری و خەباتکاری و ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی بەجێهێناوه، لە دوای ڕێککەوتننامە مێژووییەکەی 11ی ئاداری 1970دا دێتە شاری #هەولێر# و دوای ماوەیەک دەچێتە بەغدا و بەشداری نووسینی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی وەک التاخی و برایەتی لە دواییشدا بەیان و ڕۆشنبیری نوێ و نووسەری کورد دەکات.
لە دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لە کوردستان لە بەهاری 1974دا دووبارە دەچێتەوە پاڵ شۆڕشی کورد و لە بەشی ڕاگەیاندن ئیش دەکات و لە دواییدا لەبەر باری تەندرووستی دەچێتەوە بەغدا تاکوو هەردەم لەژێر چاودێری پزیشک بێت و لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 لەگەڵ کۆڕەوە ملیۆنەکەی کورد دەچێتە دەرەوەی وڵات و لە ساڵی 1992دا خۆی دەگەیەنێتە وڵاتی نەروێژ و دەبێتە پەنابەر و لە هەموو چالاکیەکی وێژەی و ڕۆشنبیری و ڕامیاری کورد لەو وڵاتەدا بەشداری دەکات تاکوو لە 1998.10.25 کۆچی دوایی کردووە.
سەبری بۆتانی شاعیرێکی هەستناسکی بەهرەداربووه، شاعیری سرووشت و جوانی بوو هۆنراوەەکانی لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاودەکردەوە لە دواییدا لە دیوانێکی خنجیلانە بە ناوی شین و شادی لە ساڵی 1979دا لە بەغدا بە چاپی گەیاند و دەکەوێتە 262 لاپەڕەی قەبارە ناوەنجی و زۆربەی هۆنراوەکانی لە سەرکێشی سووکی 7 بڕگەیی 3-4 خۆماڵی کوردین و ناوەرۆکێکی پتەویان هەیه. لە 1988.10.25دا کۆچی دوایی کرد.[1]