محەمەد شێخۆ
محەمەد شێخۆ یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کوردستان کەهەمیشە لە ریزی گەلدا بووە، ساڵی 1948 لەگوندی گرباوی نزیک
قامیشڵۆقامیشڵۆ هاتۆتە ژیانەوە لەگوندی خجۆکێ خوێندنی تەواو کردووە، ناوەندی لە قامیشڵی تەواو کردووە، لەو ێوێدا بایەخی بەمۆسیقا و گۆرانی کوردی داوە.
ساڵی 1969 چۆتە بەیروتی پایتەختی لوبنان و لەگەڵ هونەرمەندان مەحمود عەزیز و سەعید یوسفدا تیپی مۆسیقای نەورۆزیان دامەزراندووە، کەتیپێکی هونەری بووە کەبایەخی بەگۆرانی و مۆسقای فۆلکلۆری کوردی داوە.
ساڵی 1972 بۆ سوریا گەراوەتەوە، محەمەد شێخۆ بەهۆی گۆرانی و سرودە نیشتیمانپەروەرییەکانی و کوردایەتییەکانیەوە لەلایەن دەسەلاتدارانی حکوومەتی سوریاوە تەنگی پێ هەڵچنراوە، و چەند جار رەتی کردۆتەوە کە لە ئاهەنگە رەسمییەکانی حکوومەتدا بەشداری بکات.
ساڵی 1974 پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، پاش نسکۆ وەکو سەدان هەزار تێکۆشەری تر ئاوارەی ئێران بووە، دواجار لە9ی ئاداری 1989، لەشاری قامیشڵۆی کوردستانی سوریا محەمەد شێخۆ هونەرمەندی بەناوبانگ و نیشتیمانپەروەری کوردستان کۆچی دوایی کرد.
[1]
......
محەمەد شێخۆ، ناوی تەواوی “محەمەد ساڵح شێخمووس ئەحمەد”ە. لە ساڵی 1948 لە گوندی “گڕباوێ”ی سەر بە شاری قامیشلۆ، لە دایک بووە. شەش خوشک و پێنج برای هەبووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندی “خەجۆکێ” و تا پۆلی دووەمی ناوەندی لە شاری قامیشلۆ خوێندووە. لە ساڵی 1965دا، تووشی چاوئێشە دەبێت و بەم هۆیەوە چاوی نوقسان دەبێت.
مامی “حسەین” وەستای دروستکردنی تەمبوورە بووە و گەلێک جار لە “ئەسکوێ” و “کەوانەی بێژنگ” تەمبوورەی دروست کردووە. هۆگریی و شارەزایی مامی لە ژەنینی تەمبوورەدا، کاریگەرییەکی فرەی لەسەر محەمەد شێخۆ داناوە و وای لێکردووە کە هەر لە منداڵییەوە حەز بە ژەنینی تەمبوور بکات. بۆ یەکەم جار، مامی تەمبوورەیەکی ڕاستەقینەی بۆ دروست دەکات، بەڵام لە ترسی باوکی کە هەمیشە گوتوویەتی ” لەدینی ئیسلامدا تەمبوورلێدان حەرامە”، ناوێرێت بە شێوەیەکی ئاشکرا تەمبوورەکەی لێبدات.
محەمەد شێخۆ لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا، تێکەڵاوی “پارتی کۆمۆنیستی سوریا” دەبێت، بەڵام پاش ماوەیەک پەیوەندی پێیانەوە نامێنێت. لەبەر باری ئابووەیی و ئێشی چاوەکانی، دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و جارێکی دیکە بۆ گوندەکەی خۆیان دەگەڕێتەوە و لە بواری کشتوکاڵدا هاوکاری ماڵەباوانی دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی ماڵەباوانی بە نیوەکار کشتوکاڵ دەکەن، ناچار دەبێت بۆ بژێوی ژیانی بە گوندەکاندا بگەڕێت. هەر لەم سەردەمانەدا، لەگەڵ هونەرمەندانی وەک “خەلیلێ ئێزدی، حسەینێ تەوفێ و حەلیمێ حسۆ”، کۆمەڵێک شەوچەرە سازدەکەن، ئەم شەوچەرانەی بۆی دەبنە بنچینەیەکی هونەری. هەر لەو کاتەدا، خۆی فێری نووسین و خوێندنەوەی زمانی کوردی دەکات و بەرهەمی کۆمەڵێک شاعیری ئەو سەردەمە دەخوێنێتەوە و دیوانی “جگەرخوێن”یش ئەزبەر دەکات و گوێش بۆ ڕادیۆی ئێریڤان و بەغداد، ڕادەگرێت.
لەساڵی 1970دا و بۆ جاری یەکەم، محەمەد شێخۆ بە ئاشکرا گۆرانی دەچڕێت، دوای ئەوەی لە گوندەکەی خۆیان دەگەڕێتەوە، هەر لە ساڵی 1970دا بە شێوەیەکی نایاسایی بەرەو “سەرەخت” باکووری کوردستان دەچێت و دەگەڕێتەوە، پاشان لە هەمان ساڵ و لەپێناو فێربوونی موزیکدا، بۆ بەیرووت، لە ناوەندی یەکێتی موزیکدا، دەست بە خوێندنی موزیک دەکات و دوو خول دەبینێت. لەو سەردەمەدا و لە بەیرووت سێ گرووپی موزیکی هەبوون کە ئەوانیش “کۆما سەرکەفتن بە سەرپەرشتی هونەرمەند مەحموود عەزیز شاکر، کۆما نەورۆز بە سەرپەرشتی هونەرمەند سەید یوسف و کۆما گوڵستان بە سەرپەرشتی هونەرمەند محەمەد تەیب تاهیر”. سەرەتا لە کۆما نەورۆزدا دەبێتە ژەنیار، پاشان بە پێشنیازی “کەمال شانباز” لەگەڵ هونەرمەندانی وەک ” مەحموود عەزیز شاکر، ڕێفاتێ داری، سەید یوسف و ڕەمەزان نەجیم ئۆمەری”، دەبێت بە ئەندامی کۆما سەرکەفتن. مەحموود عەزیز شاکر، هەڵبەستەکانی بەناوی “د باخان دا دلبەرم سۆرگول” و “گەورێ” بە محەمەد شێخۆ دەدات، ئەمیش ئاوازیان بۆ دادەنێت و بەم شێوەیە دەست بە سترانبێژی دەکات.
لە بەرواری 11-03-1970دا، کاتێ وەرچەرخانێکی نوێ دەست پێدەکات و باشووری کوردستان ئۆتۆنۆمی وەردەگرێت، بەم بۆنەیەوە، کۆمیتەوی هونەری کورد لە لوبنان، بە هاوکاری هونەرمەندانی وەک “مەحموود عەزیز شاکر، سەید یوسف، ڕفاتێ داری، شیرین پەروەر، عزەدین تەمۆ، محەمەد تەیب تاهیر و ڕەمەزان نەجیم”، پشتگیری لەم هەنگاوە دەکەن و لە لوبناندا چەندین شایی و ئاهەنگ سازدەکەن کە محەمەد شێخۆ وەک ژەنیارێک بەشداری لەم ئاهەنگانەدا دەکات.
لە 18-12-1971دا، بە چاودێری سەرۆک وەزیرانی لوبنان لە ساڵۆنی سینەما “ڕیڤۆلی” ئاهەنگێک ساز دەکرێت کە محەمەد شێخۆ بۆ جاری یەکەم لەم کۆنسێرتەدا وەک گۆرانیبێژێک بەشداری دەکات، دوای ئەمەش لە ڕادیۆی لوبناندا، گۆرانییە کوردییەکانی بڵاودەبنەوە.
لە ساڵی 1972دا، دەبێت بە ئەندامی یەکێتی هونەرمەندانی لوبنان و لەگەڵ کۆمەڵێک هونەرمەندانی لوبنانی وەک “فەیروز، ناسر شەمسەدین، وەدیع ئەلسافی، عاسی ڕەحبانی و سەمیرە تۆفێق”، ناسیاوی پەیدا دەکات. لەبەر ئەوەی لە کارە هونەرییەکانیدا سەرکەوتوو بووە، گۆرانی بێژی عەرەب “سەمیرە تۆفێق” داوای لێدەکات کە لە کۆمەڵەکەی ئەودا ببێتە ئەندام.
پاش ئەوەی لە ساڵی 1972دا لە لوبنان شەڕدەست پێدەکات، لەبەر هەڵوێستی سیاسی، بۆ ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە. لە “ڕیمێلان (دێرکا حەمکۆ)”، کۆمەڵەیەکی موزیکی دادەمەزرێنێت، بەڵام دەسەڵاتدارانی سوریا ڕێی پێنادەن. هەر لەهەمان ساڵ و بۆ یەکەم جار، ڕوو لە بەغداد دەکات و لەڕێگەی هەڤاڵەکانییەوە بۆ ئێزگەی کوردی بەغداد دەچێت و کۆمەڵێک گۆرانی بەناوی “گەرێ، باخچێ گولا، بەر دلێ من شیرینێ، د باخان دل و ئەمان دەلۆ” تۆمار دەکات و پاشان بۆ ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە. کاتێک ئەم سترانگەلە لە ڕادیۆ بڵاودەبنەوە، ناوبانگ دەردەکات، لەبەر ئەوەی دەوڵەتی سوریا چاودێری دەکات و چەند جارێکیش دەستگیری دەکەن.
لەساڵی 1973 دا، شێخۆ ڕوو لە بەغداد دەکاتەوە و لە ئێزگەی کوردی چەند سترانێکی دیکە تۆمار دەکات. لەم کاتەدا، هونەرمەندانی وەک “گۆڵبەهار، تەحسین تەها، شەماڵ سائب، بەشار زاخۆیی، محەمەد عارف جزیری و عیسا بەرواری”، دەناسێت.
لە ساڵی 1974دا لە شام، یەکەم کاسێتی بەناوی “گەورێ” تۆمار دەکات، بەڵام لەبەرئەوەی گۆرانییەکانی سیاسی و نەتەوەیی بوون، دەسەڵاتدارانی سوریا وای لێدەکەن کە بە ناچاری بۆ باشووری کوردستان بگەڕێتەوە. لە باشووریش دەبێت بە پێشمەرگە.
پاش پەیماننامەی جەزائێر و نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، لەگەڵ پێشمەرگەکاندا بە ناسنامەی ئێراقی بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچێت، لەوێش لە ئۆردووگای “ڕەبەت” دەبێتە پەنابەر، لەدواییدا بۆ مەهاباد دەچێت و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و وانەی ئایینی دەڵێتەوە. لەبەرئەوەی لە گۆرانییەکانی خۆیدا هەستی نەتەوایەتی فەرامۆش نەکردووە، دەسەڵاتدارانی ئێران فەرمانی دوورخستنەوەی بۆ “گونبەدی کاووس” دەردەکەن و لەوێ، لە قوتابخانەیەکی ئایینیدا، دەست بە وانەوتنەوە دەکات.
لە ساڵی 1977دا لەگەڵ خوێندکارێکی خۆی بەناوی “نەسرین حسەین مەلەک” کە خەڵکی شاری سنە دەبێت، ژیانی هاوسەرێتی پێکدەهێنێت و چوار منداڵیان بە ناوەکانی “بێکەس، فەلەک، ئیبراهیم و بروسک”، دەبێت.
محەمەد شێخۆ لە خەباتی موزیکدا بەردەوام دەبێت و گۆرانییەکانی “ژ مهابادێ، د زیندانێ دا، خەم و خەیالێن تە ئەز ڕەڤاندم، ئەی فەلەک و بێزارم”، تۆمار دەکات. لەساڵی 1978دا کاسێتێک بەناوی “مهاباد کانیا خوینا شەهیدان” و لە ساڵی 1981دا کاسێتێکی تر بەناوی “گاڤا ئەز مرم” بڵاو دەکاتەوە.
لەساڵی 1983دا بۆ ڕۆژئاوا دەگەڕێتەوە و لە قامیشلۆ نیشتەجێ دەبێت و گرووپێکی موزیکی دادەمەزرێنێت و وانەی موزیکی بە گەنجان دەدات. لە ساڵی 1987 تۆمارگەیەک بەناوی “فەلەک” لە قامیشلۆ دەکاتەوە کە دیسانەوە دەوڵەتی سوریا، ڕێگەی پێنادەن و دەست بەسەر تۆمارگاکەیدا دەگرن.
لە 09-03-1989دا کۆچی دوایی دەکات و بە بەشداری هەزاران کەس، لە گۆڕستانی “هلێلی”ی قامیشلۆ، بەخاک دەسپێردرێت.
جێ ئاماژەپێکردنە محەمەد شێخۆ بە “باڤی فەلەکێ”ناسراوە و 110 سترانی لە 14 کاسێتدا تۆمار کردووە، هەروەها لە کۆڕ و ئاهەنگەکاندا، کۆمەڵێک سترانی دیکەی پێشکەش کردووە کە بەداخەوە هەندێکیان تۆمار نەکراون.
[2]