بەرەچەڵەک خەڵکی گوندی (چنارە)ی ناوچەی شارەزوورە، ئەم مامۆستا ئاینییە بەناوبانگە، سەرەتا لەناوچەی شارەزوور و دواتر لەشارۆچکەی (بیارە) درێژەی بە خوێندن داوە و دوای وەرگرتنی ئیجازەی مەلایەتی، هەموو کاتی خۆی بۆ ڕێنماییکردنی خەڵکی و بۆ دەرس وتنەوە تەرخان کردووە. شێخ عەبدولسەمیع ماوەیەکی زۆری تەمەنیشی لەشاری (حەڵەب) بەسەر بردووە و لەوێش گەلێ کەسی پێگەیاندووە. سەرچاوە مێژووییەکان ئەڵێن ئەم مامۆستا ناودارە لەبواری ئەستێرەناسیدا زۆر شارەزا بووەو چەند شەخسییەتێکی هەڵکەوتووی کوردستان لەسەردەستی شێخ عەبدولسەمیعدا خوێندنیان تەواو کردووە. ئەم پیاوە ڕۆشنبیر و خواناسە لەدوا ساڵەکانی تەمەنیدا کراوە بە مامۆستا لەقوتابخانەی (ئەلئەحمەدییە). مامۆستا شێخ عەبدولسەمیع ساڵی 1917 کۆچی دوایی کرد.