ناوی ئەحمەد کوڕی فەتاح بەگی حاجی ئیبراهیم بەگی مەحمود بەگی ساحێبقڕانە، هەر لەمنداڵییەوە دەستی کردووە بە خوێندن و لەقوتابخانەی سەرەتایی و ڕوشدیەی عەسکەری و مزگەوتەکاندا خوێندویەتی، لەخوێندندا زۆر زیرەک بووە، هەر لەمنداڵییەوە ئارەزووی شیعری بووە و حەزی لەشیعر وتن کردووە و لە ساڵی 1892 یەکەم شیعری وتووەو بەردەوام بووە لەسەری تا ساڵی 1915 کە ساڵی داگیرکردن بووە.
حکومەتی ئەو سەردەمە ماڵەکەی داگیرکردووە و هەر بەو بۆنەیەوە پەڕتووکخانە گەورەکەی سووتاوە بەمەش هەوڵ و تەقەلای بیست و چوار ساڵی لەکیس ئەچێ، ئەحمەد بەگ لە شیعردا نازناوی (حەمدی) بۆخۆی هەڵبژاردووە.
ئەم شاعیرە مرۆڤێکی خاوەن بیروباوەڕ بوو، ڕێگاو ڕەوشتی تایبەت بەخۆی هەبووە، بۆ پاراستنی ئەمەش ئازاری زۆری چەشتووە، لەسەردەمی تورکەکاندا بەدرێژایی تەمەنی بیروڕاکانی بەپێچەوانەوەی شێخی نەمرەوە بووە و بەربەرەکانی کردووە، سەرئەنجام کاتێک ئینگلیزەکان لەگەڵ شێخ مەحمود تێک چوون، شێخ داوای یارمەتی لەحەمدی کردووە ئەویش کەزانی ئیش و کار بەراستی ئەڕوا بەڕێوە و لەبەرژەوەندی گەلی کورددا لەگەڵی ڕێک کەوت و یارمەتی دا، کاتێک کە شێخ بەدیل ئەگیرێ و بەبرینداری ڕەوانەی بەغدا ئەکرێ، پاشان ڕەوانەی هیندستان ئەکرێ، حەمدی شاعیریش ڕوو لەکەژو کێوەکانی کوردستان ئەکات و مەردانە خێزانەکەی شێخی نەمریش دەرباز ئەکات.
حەمدی گەلێک نەهامەتی و ئازاری لەپێناوی گەلەکەیدا چەشتووە و هەموو سەروەت و سامانی لەو پێناوەدا دانا، تا لە شەوی پێنج شەممە #12-11-1936# بەهۆی وەستانی دڵەوە کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی لە ژیان کرد. [1]