قانع یان قانیع، ناوی شێخ محەمەد کوڕی شێخ عەبدولقادری کوڕی شێخ سەعیدی دۆڵاشیە و لەنەوەی (کابل) ی #مەریوان#ن.
لە 15ئەیلولی 1898 لە گوندی (ریشێن) ی بناری #شارەزوور# لەدایک بووە.
لە تەمەنی (40) ڕۆژیدا بوو کە باوکی کۆچی دوایی کردووەو لە تەمەنی دوو ساڵیشدا دایکی کۆچی دوایی کردووە.
ژیانی قانع لەزەمینەیەکی دەربەدەری و پڕ لە کوێرەوەرییەوە دەستی پێ کرد.
بەهەتیوی لەلای خزمێکیان کە ناوی (ئاغا سەید حسێنی چۆڕ) ی بووە لە ناوچەی مەریوان گەورە بووە و هەر ئەویش ناویەتە بەر خوێندن.
پاشان بە فەقێیەتی چووە بۆ #سلێمانی# و چەند ساڵێک لەوێ ماوەتەوە.=KTML_Embed_Begin=width:10%;height:20%;float:right;=KTML_Embed_Alt=تۆمارێکی دەنگیی قانع=KTML_Embed_Source=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/730/0001.MP3?ver=132334148364541781=KTML_Embed_End=
هەر بە مەبەستی گەڕان بەشارەکانی کوردستان دا بۆ خوێندن چووەتە (#سنە# و مەریوان و سابڵاخ و #بۆکان# و #شنۆ# و #هەولێر# و کۆیە و #کەرکووک# و سلێمانی و بیارە) و دوا قۆناغی خوێندنیشی لەمەریوان تەواوکردووە.
قانع بەر لەوەی بەتەواوی فێری خوێندن و نووسین ببێت توانای شاعیرێتی تیا دەرکەوتووە و لەسەردەمی جەنگی یەکەمی جیهانیدا خوی داوەتەوە شیعری ئایینی.
دواتر بەهۆی بارودۆخی کوردستانەوە خولیای شیعری نیشتمانپەروەری بووە، خوێندنەوەی پەڕتووکێکی دەستنووسی فارسی بەناوی (وقایع ال اردەلان) کەباسی ڕاپەرینەکانی تیرەی ئەردەڵانییەکان دەکات بەرانبەر داگیر کەران، هێندەی تر کار ئەکاتە سەر دەروونی شاعیر و بەرهەمە شیعرییەکانی و ئیتر ئەبێتە شاعیرێکی نەتەوایەتی ونیشتمانپەرەوەر.
لایەنە لەیەک نەچووەکانی شیعرەکانی شاعیر ئەوە ئەگەیەنێ کەزادەی فیکری یەک سەردەم و پێویستی یەک قۆناغ و بەرهەمی یەک ئێش و ئازار نین، بەردەوام باوەڕی بەیەکگرتنی جەماوەرو یەکسانی کۆمەڵایەتی هەبووە و لەسەرەتای چلەکانەوە بەتایبەتی لەرۆژگاری دووەمین جەنگی جیهانیدا ڕێبازی سۆشیالیستی وەکوو دیاردەیەکی سیاسی زیندوو لەناو شیعرەکانییدا ڕەنگی دایەوە و لەسەنگەری شیعری شۆڕشگێرانەدا دژی دەرەبەگی چەوسێنەرو ئیمپریالیزم بووە و هەمیشە دڵی لەگەڵ ئازار و ئاواتی مرۆڤی جوتیاری چەوساوەی کورددا بووە و وەک شاعیرێکی دڵسۆز و خەم خۆری کورد شیعری بۆ نەتەوەی کورد هۆنیتەوە و لەگەڵ بەسەرهات و کارەسات و ڕاپەرین و شۆڕش و دەستکەوتەکانی کورددا ژیاوە.
لە شیعرەکانییدا داوای مافەکانی ژنانی کردووە لە بوارەکانی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی و ئابووریدا.
قانع لەسەرەتای پەنجاکاندا بە هاوکاری مامۆستایان (عەلادین سەجادی و شوکر مستەفا) توانی پێنج بەش لە شیعرەکانی بەشێوەی دیوانی جیاجیا و قەوارەی تایبەتی چاپ بکات، کە ئەم بەرهەمانەن (گوڵاڵەی مەریوان، باخچەی کوردستان، چوارباخی #پێنجوێن#، شاخی هەورامان، دەشتی #گەرمیان#) .
لەژیانیدا گەلێ کارو پیشەی کردووە لەوانە مامۆستای قوتابخانەو کرێکاری و مامۆستای مزگەوت و جوتیاری و ئاشەوانی و فەرمانبەرێتی.
لە کۆتایی پەنجاکاندا چەند جارێک خراوەتە بەندیخانە. لە ساڵی (1960) دا لەبەندیخانەی سلێمانی چۆنییەتی نووسینی زمانی کوردی فێری زیندانییەکان کردووە.
لە (1963) دا لەگەڵ وریای کوڕیدا لەبەندیخانەی (قەجەر) ی تاراندا زیندانی ئەکرێ و هەر لەو بەندیخانەیەدا هۆنراوە بەناوبانگەکەی نووسیوە کەدەڵێ:
=KTML_Bold=ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە=KTML_End=
قانع، ڕۆژی #07-05-1965# لە گوندی #لەنگەدێ# لە ناوچەی شلێر کۆچی دوایی دەکات.[1]