کوڕی ئەحمەد پاشای کوڕی سڵێمان پاشای بابان، یەکێکە لە میرە هەرە بەناوبانگەکانی #میرنشینی بابان# و گەورەترین بەرهەمیشی دروستکردنی شاری سلێمانی-یە.
برایم پاشا شازادەیەکی ئازا و جوامێر بووە، لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا شارەزاییەکی تەواوی هەبووە.. بەشێکی زۆری تەمەنی خۆی لە بەغدا بەسەر بردووە، لەبەر ئەوە حەزی لە ژیانی شارستانی بووە، هەربۆیە لەناو کاربەدەستانی ویلایەتی بەغدادا خۆشەویست و بەڕێز بوو.
ئەو سەردەمەی مێژووی میرنشینی بابان، سەردەمی ناکۆکی نێوان میرەکانی بابانو دەستێوەردانی ڕۆم و عەجەم بوو لە کاروباری میرنشینەکەدا، بۆیە زوو زوو میرەکان دەگۆڕدران.
سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن: پاشئەوەی کە لە نیوەی دووەمی سەدەی هەژدەدا #مەحمود پاشای بابان# وڵاتی بەبەی جێهێشت، والی بەغدا کە ناوی سڵێمان پاشا بوو، ئیبراهیم پاشای برازای مەحمود پاشای کرد بە فەرمانڕەوای بابان.
یەکەمین ئیشی ئیبراهیم پاشا دوای دەستبەکاربوونی ئەوەبوو لە نزیک گوندی مەڵکەندیو لە نزیک ئەو سەرایەی کە ساڵی 1775 مەحمود پاشا دروستی کرد بوو، بناغەی شارێکی هاوچەرخی دامەزراندو ساڵی 1784 ئەو شارەی کە ناوی نرا (سلێمانی) بوو بە پایتەختی میرنشینی بابان.
ئیبراهیم پاشای بابان، جگە لەو خزمەتە گەورەیەش، هەمیشە هەوڵی ئاوەدانکردنەوەو چەسپاندنی ئاسایشی داوەو توانی بە بێ شەڕو هەڵا، دەسەڵاتی بابانەکان بگەیەنێتە #خانەقین# و #زەهاو# و #قەسری شیرین#.. بەڵام ڕووداوە ئاڵۆزەکان و بەرژەوەندی هێزە دەسەڵاتدارەکان هەمیشە دژی ئەوە بوون ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتی باباندا جێگیرببێو چەند جارێک ئەم پاشا خێرخوازەیان لەسەر کار لابرد و دووبارە کردیانەوە بە فەرمانڕەوای میرنشینی بابان.
ساڵی 1796 کاتێک کە ئیبراهیم پاشا بە خۆی و لەشکرەکەیەوە بۆ یارمەتیدانی والی عوسمانی چووبوونە ناوچەی سنجار، برایم پاشا لەنزیک شاری #موسڵ# بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد و لە نزیک مەرقەدی حەزرەتی یونس بەخاکسپێردرا.