لە ساڵی 1939ی زایینی، لە شاری
سلێمانیسلێمانی لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لەوێ تەواو کردووە و لە ساڵی 1962دا، لە زانکۆی بەغدا لە بەشی مێژوو بەکالیۆرسی وەرگرتووە و پاشان بووە بە مامۆستای مێژوو.
لە ساڵی 80-1981دا، بە تاوانی چالاکیی سیاسی دژ بە ڕێژیم گیراوە و دوای ئەوەیکە بە سەربەرزی نەجاتی بووە، ڕێی ئاوارەیی گرتووەتەبەر و لە وڵاتی سوێد وەک پەنابەری سیاسی نیشتەجێ بووە. لە ساڵی 1987 وە لە ئەرشیفی هەرێمی شاری ئوپسالا دامەزراوە و تا گەڕانەوەی بۆ کوردستان لە کارەکەیدا بەردەوام بووە. لەو ماوەیەدا ئەرشیڤێکی گەورەی کۆماری کوردستانی کۆکردووەتەوە.
کاک مەحمود، وەک نووسەرێکی بە توانا لە زۆربەی ڕۆژنامە و بڵاوکراوە ئاشکرا و نهێنییەکاندا هاوبەشی کردووە و گەلێک باس و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆری بە زمانی کوردی و عەڕەبی نووسیوە کە سەرەڕای چەند بەرهەمی وەرگێڕدراو، ئەو کتێبانەی خوارەوەی چاپ و بڵاوکردووەتەوە:
_ دیپلۆماسێتیی بزووتنەوەی کوردایەتی، 1973
_ کۆماری میللی
مەهابادمەهاباد، چاپی یەکەم 1984، چاپی دووەم 1987
_ ڕەگ و ڕیشەی مێژووی تەقەلای بەعێراقیکردنی کورد و مەسەلەی کوردستان، 1986
_ کورد و ململانێ و ستراتیجی ئاسایشی نەتەوە، 1988
_ دەوڵەتی جمهوری کوردستان (نامە و دۆکومێنت)، بەرگی یەکەم، ستۆکهۆڵم 1992
_ دەوڵەتی جمهوری کوردستان (نامە و دۆکومێنت)، بەرگی دووەم، ستۆکهۆڵم 1995
_ دەوڵەتی جمهوری کوردستان (نامە و دۆکومێنت)، بەرگی سێیەم، ستۆکهۆڵم 1997.
شیاوی گوتنە کە لە بواری ڕۆژنامەوانییشدا کەسایەتییەکی چالاک بووە و سەردەمێک وەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ کاری کردووە و، هەربۆیەش لە سەرەتای دەرچوونی گۆڤاری گزینگ، یەکێک لە بەشدارانی دنەدەر و هاوکارانی یارمەتیدەری گۆڤارەکە بووە کە لە ڕیزی ئەو نووسراوانەدا دەکرێ بە وتووێژێک لە ژێر عینوانی (ئەقڵییەتی سیاسی و دیپڵۆماسیی کورد) (گزینگ، ژمارە8) و، هەروەها لێکۆڵینەوەیەک سەبارەت بە کۆماری کوردستان: (با بۆچوونە شێواو و هەڵەکان ڕاست بکەینەوه) (گزینگ، ژمارە13 _ بەشی1؛ گزینگ، ژمارە14 _ بەشی2) ئاماژە بکرێ.
مامۆستا مەحمودی مەلا عێززەت کە لەم دواییانەدا، بە نیازی موداوای نەخۆشییەکەی لە کوردستان ڕا گەڕابۆوە وڵاتی سوێد، بەداخەوە لە ڕۆژی
04-05-200504-05-2005 لە شاری ئۆپسالا بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان و کەسوکار و گەلەکەی دەکات.