شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە. لە #19-03-1951# لە گوندی #مەلەکشا# سەربە شاری #سنە# لە پارێزگای کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە دونیاوە. هەر لە شاری سنە خویندوویەتی و پەروەردە کراوە. لە منداڵییەوە هۆگری هۆنراوە و نووسین بووە.
نووسەر، ڕەخنەگر، چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، جەلال مەلەکشا وەکوو مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی لە هەمبەر ستەم و زۆردا چاو بنووقێنی و ئەسپی قەڵەمی لە مەیدانی خەبات دژ بە ستەمدا تاو داوە و لە سۆنگەی ئەم گەرناسییەوە تووشی دەردیسەر و ئازاری زیندانی زۆر بووە.
مەلەکشا کە لە دیارترین و کاریگەرترین دەنگەکانی ڕەوتی نوێخوازی هۆنراوەی کوردییە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە هەردوو زمانی فارسی و کوردی هۆنراوەی نووسیوە، لە سەرەتاوە بە فارسی هۆنراوە و پەخشان و چیرۆکی دەنووسی و لەبەر هێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی پەرتووکی چاپکراوەی ببێ، دەبێتە ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران) .
پاش ساڵی 1357 ک.ە لەغاوی قەڵەمی دەگێڕێتەوە بۆ نێو زمانی کوردی و لە کوردیشدا سەرکەوتنێکی بەرچاوی دەبێ. بۆ ماوەی 14 ساڵ وەکوو نووسەر و ڕۆژنامەوان دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و بە ڕاستی پەرە بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.
مەلەکشا لە نووسینە فارسییەکانی لەژێر کاریگەریی نیما یووشیج، ئەخەوان سالیس و ئەحمەدی شاملوویە، لە نووسینە کوردییەکانیشی کاریگەریی نووسینەکانی عەبدوڵڵا گۆران، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵڵا پەشێو و شێرکۆ بێکەسی بەسەرەوە دیارە.
مەلەکشا لە سەرەتاوە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران بووە و دواتر دەبێتە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، کە بە سەرپەرشتی هێمنی شاعیر لە ورمێ چاپ دەبوو. پاش گەڕانەوەی بۆ سنە لە ئەنیستیتۆی زمانی کوردی، وەک مامۆستای زمانی کوردی دەستبەکار دەبێت.
هۆنراوەەکانی جەلال تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سویدی و... وەرگێڕدراون.
جەلال (1387 ک.ه) لە شاری سنەبوو و هەرچەند کەوتووەتە بەر نووکەشەقی چارەنووس، بەڵام بێگومان جەلال لەو نووسەرە دەگمەنانەیە کە قەد قەڵەمی نەبردووەتە قوربانگای نان و ناو و دەسەڵات. دوو هۆنراوەی (هەتا لووتکە چەندی ماوە؟) (داستانی دارە پیرە) لە هۆنراوەە بە ناوبانگەکانی جەلالن کە لە پەرتووکەکەی زڕەی زەنجیری وشە دیلەکان چاپ کراوە.
لە ڕۆژی #31-10-2020# کۆچی دوایی کردووە.
$بەرهەمەکانی جەلالی مەلەکشا:$
- زڕەی زنجیرەی وشە دیلەکان (کۆ هۆنراوە) .
- کارەسات (کۆمەڵە چیرۆک) .
- کۆی بەرهەمە هۆنراوەییەکانی جەلال مەلەکشا (کۆهۆنراوەی فارسی و کوردی) .
$نموونەیەک لە هۆنراوەەکانی جەلال مەلەکشا:$
ئاواتێک
ئاخۆ دەبێ
ئەو ڕۆژە بێ
کاوەی کوڕم
جانتای سەفەر کاتە شانی
دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە
هاوار بکەن
#سلێمانی#... سلێمانی[1]