فەرماندە و پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێ قادر خەبات ڕائەگەیەنین، قادر خەبات لە ساڵی 1937 لە گوندی خەزێنەی بناری چیای #قەندیل#یی دەڤەری باڵەکایەتی لەدایکبووە. ساڵی 1955 چۆتە ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان#. لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961 بووەتە پێشمەرگە و چەندین پلەی پێشمەرگایەتی بڕیوە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول قادر خەبات وەک پێشمەرگەیەک لە چیای قەندیل دەمێنێتەوە و درێژە بەخەبات دەدات.
لە سەرەتای شۆڕشی نوێدا، لەسەر داوای سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە 14-04-1976 یەکەم مەفرەزەی پێشمەرگە پێکدەهێنێت و بارەگای لە بناری قەندیل دەکاتەوە.
لەبەر لێهاتوویی و قارەمانیەتی چەندین پلەی پێشمەرگایەتی دەبڕێت و لە ساڵی 1979 دەبێتە جێگری هەرێمی 7ی باڵەک و دوای ساڵێک دەکرێتە فەرماندەی ئەو هەرێمە.
دوای پێکهێنانی تیپەکان، دەکرێتە سەرتیپی 74ی باڵەک و 93ی سەفین و 91ی پشدەر. ساڵی 1988 پلەی ئەندامی مەکتەبی عەسکەری پێدەبخشرێت. لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 دەورێکی باڵا ئەبینێت لە ڕزگارکردنی شارو شارۆچکەکان و شاری #هەولێر# و ڕزگارکردنی #کەرکوک# و لە دوا ساتەکانی ڕزگارکردنی کەرکوکیشدا بەسەختی بریندار دەبێت.
لە دوای ڕاپەڕینیش وەک کادرێکی سەربازی لێهاتوو درێژە بەخەباتی پێشمەرگایەتی دەدات و دوا پلەی ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە.
قادر خەبات لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداری و سەرپەرشتی دەیان داستان و نەبەردی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کردووە.
ئەندامی هەرسێ کۆنفرانسی کۆمەڵە و هەرسی کۆنگرەی ی.ن.ک بووە و مەدالیای ڕێزلێنانی وەک پێشمەرگەی مەفرەزە سەرەتاییەکانی شۆڕشی نوێی پێبەخشراوە.
بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئێوارەی #30-09-2013# لە تەمەنی 76 ساڵی دا لە شاری #سلێمانی# ماڵئاوایی لە ژیان کرد.[1]