حسێن محەمەد ئەمین مەحمود، لە ساڵی 1965 خێزانێکی جوتیار و هەژار لە گەرمیان لەدایکبووە، ئێستا لە گەڕەکی ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی دادەنیشێت و پیشەی فەرمانبەرە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی.
خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە قادرکەرەم تەواوکردووە و پاش ئەوە بۆ تەواوکردنی خوێندن لە ئامادەیی کشتوکاڵی ڕیاز لە حەویجە وەردەگیرێت، بەڵام وەک خۆی دەڵێت پێم قبووڵنەکراوە و بۆَیە ڕوومکردۆتەوە شاری سلێمانی و لەوێ لە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ درێژەی بەخوێندن داوە.
ئەو پاڵێوراوەی سەرۆکی هەرێم دەڵێت: خوێندنم بە گوزەرانێکی زۆر خراپ تەواوکرد، بە شێوەیەک هەینی و پێنج شەممان کرێکاریم دەکرد، ئێستا خاوەنی 4 براو 8 خوشکە.
لە ساڵی 1980 پەیوەندیم بە کۆمەڵەی ڕەنجدەرانەوە کردووە و لە 10-08-1998 دەستەی دامەزرێنەری کۆمەڵەی داکۆکی قوربانیانی ئەنفالم تا ئەمڕۆ.
لە گرنگترین درووشمەکانی ئەم پاڵێوڕاوە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، دیموکراسیکردنی پەیوەندییەکانی ناوکۆمەڵ، پاراستنی مافی مرۆڤ، یەکسانی، ئاشتی، مرۆڤدۆستی، جێگیرکردنی سنووری هەرێمی کوردستان، ڕێزگرتن لە دراوسێکانی دەوروبەر و سەقامگیرکردنی پایەکانی ئابووری کوردستان، ئاوەدانکردنەوەی زیاتری گوندەکان و بە جێگەیاندنی دادوەریی کۆمەڵایەتی و کەمکردنەوەی جیاوازی و فراوانکردنەوەی ئازادییەکان، دانانی دەرفەتی زیاتر بۆ ڕەگەزی مێ و گەنجان، کەمکردنەوەی بێکاری و دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی.
لە بەرنامەی کاری ئەم پاڵێوراوەشدا هاتووە، گۆڕینی حکومەت بەشێوەی دامەزراوەیی دانانی پلانی کاری لە سەر ئەو بنەمایە و پەیڕەوکردنی کاری یاسایی بەپێی ڕێنماییەکان، زیاتر چالاککردنی پەڕڵەمان و فراوانکردنی دیموکراسی.