رێکەوتی 24ی ژوەنی ساڵی 1978ی زایینی، بەرانبەر بە 3ی پوشپەڕی ساڵی 1357ی هەتاوی لە شاری #سەقز# چاوی بە ژیان هەڵێناوە.
رۆژی 22ی نێوەڕاست مانگی بەهاری 1996ی زایینی، بەرانبەر بە 1375، خەباتی بە کردەوەی بۆ گەیشتن بە ئازادی، دێموکراسی، بەرانبەری، دادپەروەری و نەمانی ستەمی نەتەوایەتی دەست پێکردوه.
ناوبراو لە ڕادیۆ دەنگی کوردستان، ڕۆژنامەی کوردستان، گۆڤارەکانی: لاوان، ئاگری، ژنان، گوڵان، ڕامان، ئێوارە گوڵان، تیشک، بیری خوێندکار، ئاشتی، ڕێگای ئازادی، ڕادیۆ و تەلەویزیۆنەکانی: پێشکەوتن، گوڵان، لاوان، چاوەدێر، برایەتی، شۆڕش، ڕادیۆ ئاشتی، ڕادیۆ زرێبار، دەنگی کورد، هەبوون، قەڵەم، سەردەم و دەیان ماڵپەڕ و ڤێبلاگی ئینترنێتی، وتار، وەرگێران و دەقی ئەدەبی بڵاو کردۆتەوە.
ساڵی 1999ی زایینی، لەگەڵ کۆمەڵێک لە نووسەرانی باشوری کوردستان؛ 5کتێبیان چاپ کردوه، ئەو پەڕتووکانە لە لایەن دەزگای چاپو پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراونەتەوە.
لە هاوینی ساڵی 2000 تاکوو هاوینی 2002، لە وڵاتی تورکیە پەناخواز بوە، دوایە ڕۆیشتوەتە وڵاتی سوید و تاکوو سەرەتای 2006 لەم وڵاتە ماوەتەوە. وێرای خوێندن، کاروباری سیاسی کردوە و پاشان لەگەڵ هاورێکانی گۆڤاری ڕێژوانیان بە زمانی سویدی کوردی بڵاو کردوەتەوە.
رەحیم ڕەشیدی تاکوو ئێستا، لەگەڵ ڕادیۆ و تلویزیۆنەکانی: ئوروپای ئازاد (ئازادی)، فەردا، بیبیسی، ئاڵمان، ئیسرائیل، ئامریکا، فەرانسە، کوردسات، کوردستان تیڤی و ڕۆژ تیڤی سەبارەت بە پرسو بابەتی پێوەندیدار بە کێشەی کورد و بارودۆخی ڕامیاری ناوچەکە دیدار و وتووێژی پێکهێناوە.
چوار پەڕتووکی بە ناوەکانی: لە ئافریقا هەمیشە نێوەراست مانگی هاوینە بنەماکانی دێموکراسی خەباتی مەدەنی مافی ژن مافی مرۆڤ، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و وێرای کۆمەڵێک وتاری دیکە، کە بڕیار وایە لە داهاتوودا وەکوو کتێب چاپو بڵاو بکرێنەوە.
لە سەرەتای ساڵی 2006ی زایینەوە، کاری ڕۆژنامەنووسی وەکوو پیشە هەڵبژاردوە و لە دەنگو ڕەنگی تیشک، وێرای بەرپرسایەتی جۆراوجۆر لەو تلویزیۆنەدا، تێکۆشانی خۆی لە بواری نووسەری، وەرگێران، پێشکەشکاری و بێژەری برەو پێ داوە و پڕ بینەرتریین بەرنامەکانی مسۆگەر کردوە و هەر لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا دیارتریین کادری تیشک تیڤی بوە.
ناوبراو بە ئامانجی ژیان و خوێندن، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچێتە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئامریکا و ڕەنگە پاش نیشتەجێ بوون، تێکۆشانی خۆی لەگەڵ مێدیاکانی ئەو وڵاتەدا بە فەرمی دەست پێ بکات.
رۆژنامەوان ڕەحیم ڕەشیدی، هەنووکە ئەندامی فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەنووسان، و هەروەها ئەندامی یەکیەتی ڕۆژنامەنووسانی وڵاتی سویدە.[1]