سەرچنار
یەکێکە لە گەڕەکەکانی شاری
سلێمانیسلێمانی، دەکەوێتە رۆژئاوای شار. جاران بەهۆی لاوازی کەرەسەی هاتوچۆوە و، کەمی دانیشتوانی شار، سەرچنار جیابوو لە بەشەکانی تری سلێمانی و دەزانرا لەکوێوە بۆ کوێ دەستپێک و کۆتاییەتی، ئەمڕۆکە سەرچنار تێکەڵ بووە و لەدەوریا چەندین گەڕەکی تر دروست بوون وەک: شەهیدانی سەرچنار، گردی سەرچنار، ..هتد.
هاوینەهەواری سەرچنار
سەرچنار بەیەکێک لە هاوینەهەوارەکانی عێراق دەژمێردرێت بەهۆی بوونی ئاوی هەڵقوڵاوی ژێر گرد و بەرزاییەکانی. زۆر لە مێژە سەرچنار ئوتێل و شوێنی حەوانەوەی لێدروست کراوە بۆ گەشتیاران. شوێنێکی فێنک و خەم رەوێن بووە بۆ خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری، کە تاکوو ئەمڕۆش کۆتایی هەفتان خەڵکانێکی زۆر رووی لێدەکەن بۆ سەیران. سەرچنار چەندجارێک نۆژەنکراوەتەوە و سیمای ناو سەیرانگاکانی دەستکاریی کراون و خۆشکراوە.
ئاوی سەرچنار
سەرچنار ئاوێکی سروشتی هەیە کە لەبنی بەرزاییەکانی دەروپشتییەوە هەڵدەقوڵێت، ئەم سەرچاوەیە گرنگییەکی زۆری هەبووە لە بوژاندنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا، تاکوو ئەمڕۆ سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی شاری سلێمانییە. لە هاویندا ئاستی ئاوەکە زۆر کەم دەبیتەوە و، لەم ساڵانەی دوایدا بەهۆی وشکەساڵییەوە لەمانگەکانی وەرزی هاویندا وشک دەکات.
کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار
لەبەر بوونی شاخی بەردین و بەردەڵان لە سەرچناردا، لە ساڵەکانی پەنجاکانی سەدەی پێشوودا رووسەکان کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار دروست دەکەن. بەهۆی ئەم کارگەیەوە، خانو و شوێنی نیشتەجیبوون دابین دەکرێت بۆ کارمەندەکانی، لەو دەمەوە سەرچنار بوژاندنەوەی بەخۆیەوە بینیوە. ئەم کارگەیە لەسەر بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 2008 دا داخرا، تاکوو ژینگەی ناوچەکە بەپاکی بمێنێتەوە و دیمەنی سەرچنار خۆشتر بێت.
گرنگی سەرچنار
جگە لەوەی کە سەرچنار سەرچاوەی ئاو بووە بۆ سلێمانی، کارگەی چیمەنتۆی تیابووە و، هاوینەهەوارێکی خۆشبووە، سەرچنار شوێنێکی هەستیاربووە بۆ داڵدەدانی پێشمەرگە و پشتیوانی لە شۆڕشی گەلی کورد، چونکە هەڵکەوتی ناوچەکە و لکانی بە دۆڵ و بەرزاییەکانەوە یارمەتی پارتیزانانی داوە لە برەودان بەخەبات و تێکۆشان.