کوڕی ئەحمەدبەگی سەعیدبەگی سلێمان بەگە، کە بنەماڵەیەکی ناسراوی شاری شاری #سلێمانی#یە. هەر لە سلێمانی ساڵی 1928 لە گەڕەکی کانێسکان لە دایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی خوێندنی لە زانکۆی بەغدا لە بەشی فەلسەفە تەواوکردووەو کاتێک لە بەغدا قوتابی بووە بیروباوەڕی مارکسیزمی پەسند کردووەو لە کۆتایی چلەکان و سەرەتای پەنجاکاندا بۆتە ئەندامی یەکێتی قوتابیانی گشتی عێراق و حیزبی شیوعی عێراق. لە زۆر خۆپیشاندان و مانگرتنەکاندا بەشداریی کردووەو لەناوخەڵکدا خۆشەویستبووە، چونکە قسەخۆش و زۆر حەزی لە نوکتەبووە.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشەکەی 14ی تەموزی 1958و لەدوای شکستیی شۆڕشەکەو، لەسەردەمی دیکتاتۆریی تاقەکەسیی #عەبدولکەریم قاسم#دا لە سلێمانی ڕۆڵێکی بەرچاوی لەتێکۆشاندابووەو، ئەوکاتە ئەندامی لیژنەی گەڕەکی کانێسکانی حیزب بوو، لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا چالاک بوو، هەندێجار بەناوی ڕێکخراوەکەی حیزبەوە وتاری دەدا. لەو ساڵانەدا بۆ خوێندن گەیشتە مۆسکۆو لەوێ بڕوانامەی دوکتۆرای لە بەشی فەلسەفەدا وەرگرتووەو، نامەی دوکتۆراکەی لەبارەی (سپێنۆزا) وە بووە. پاشان گەڕاوەتەوە بۆوڵات و ساڵی 1970-1971بووە بە تۆمارکاری گشتی (مسجل عام) لە #زانکۆی سلێمانی# وپاشان بووە بە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و، ئینجا ڕاگری کۆلێژی وێژە- ئاداب – دواجار بەهۆکاری هەڵوێستە سیاسییەکانییەوە لە زانکۆ لابراو گواسترایەوە بۆ فەرمانبەر لە کۆمپانیای گواستنەوەی دەریایی لە بەغدا. لە ساڵی 1977دا گەڕایەوە بۆ مۆسکۆو لەسەر خوێندن بەردەوام بوو. هەر لەمۆسکۆ ژنی هێناوەو کوڕو کچێکی هەیە بەناوەکانی لاسارو نەتاشا.
لە کۆتایی ساڵانی حەفتادا چووە کۆماری دیموکراسی لە خواروی یەمەن و بووە مامۆستای فەلسەفە لە زانکۆی عەدەن و لە قوتابخانەی باڵای حیزبیش لە عەدەن مامۆستای فەلسەفە بوو. لەوێش لەسەر چالاکی حیزبی لە ڕیزەکانی حیزبی شیوعی عێڕاقدا بەردەوامبوو. لە کۆنەوە دام و دەزگای داپڵۆسێنەرانی سەر بە ڕژێمی سەدام بە داخ و کینە لە دڵبوون بەرانبەری.
لە #05-05-1979# دا لە عەدەن نۆکەرانی دەزگای ئەمن و هەواڵگری ڕژێم هەوڵیاندا بەزۆر بۆ ناو باڵوێزخانەی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆری بڕفێنن و نامەیەکی بۆ هەندێ کەس پێ ئیمزابکەن وبیڕوخێنن. بەڵام ئەو بەرگری کردن و ملی بۆیان نەداو دەستی بە هاوارو ڕیسواکردنیانکرد. ئیتر دەستڕێژیان لێکردو دایانە بەر تەقەو تێرۆریانکرد.
تاوانباران سێ کەس بوون بە ناوەکانی (عبد الرا سەعید، سەمیر بەشیر و ئیبراهیم محەمەد) لە کارمەندانی باڵوێزخانەی ڕژێمی بەغدا لە عەدەن و لەلایەن کاربەدەستانی پۆلیسی یەمەنەوە دەستگیرکران و هەرسێکیان دانیان بە ڕاستیدا نا کە لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی (عبدالحسین الجمیلی) بەڕێوەبەری نووسینگەی ئەمنی سیاسی لەوەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغداوە دوکتۆر ڕوشدییان تێرۆرکردووە.
دادگایی کردنی ئاشکرای ئەو سێ تاوانبارە لە ڕادیۆو تەلەفیزیۆنی عەدەنەوە بڵاوکرایەوەو هەر سێکیان پاشکۆی دیبلۆماسی بوون لە باڵوێزخانەی عێراق لە عەدەن و کارمەندی ئەمن و موخابەراتی عێراقی بوون و زۆڵەکوردێکی سیخوڕیشیان لەگەڵیان بەشداربوو کە لەپاشدا بە سزای خۆی گەیشت.