ساڵی 1366ی هەتاوی لە شاری #سەقز# لە دایک بووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندیی هەر لە شاری سەقز تەواو کردوە و هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆمی ئەدەبیاتە و ئێستاش وەک خوێندکار لە بەشی مێعماریی زانکۆی ئازادی سەقز خەریکی خوێندنی باڵایه.
هونەرمەند فەرهاد کاری مۆسیقای لە تەمەنی 14 ساڵییەوە دەستپێکردوە و ئەگەرچی کاری ئەسڵی ناوبراو لە بواری ئاواز و گۆرانیبێژیدایه، بەڵام سەرەتای چوونە دونیای مۆسیقای بە ژەنینی ئامێرەکانی تار و سێتار دەستپێکردوە و هەندێکیش لە بواری ژەنینی ئامێری عوددا شارەزایی هەیه.
ئەمانۆڵایی لە ساڵی 82ی هەتاوی بەدواوە بە شێوەی حێرفەیی کاری ئاواز و گۆرانیبێژی لە ژێر چاوەدێری و ڕاهێنانی مامۆستا بێهنام تاهێری دەستپێکردوە و لە لای ناوبراو جگە لە فێربوونی چۆنیەتی دەنگ هەڵبڕین و گۆرانی وتن، شێوازەکانی دەزگاکانی مۆسیقا و مەقاماتی کوردی فێربووە.
ئەم هونەرمەندە لاوە یەکەمین کاری ستۆدیۆیی خۆی لە ساڵی 84 دا لە شاری #مەهاباد# تۆمار و بڵاو کردوەتەوە و لە ساڵی 85دا گرووپی مۆسیقای گۆرانی دامەزراندوە و تا ئێستا لەگەڵ ئەم گرووپەدا لە 16 بەرنامەی زیندوو و ڕاستەوخۆ بەشداری کردوە و هەنووکەش پتر لە 8 مانگە لەگەڵ گرووپی مۆسیقای لاوانی لاوژه بە سەرپەرەشتی سیامەک عەبدوڵڵایی هاوکاری ئەکات و لەگەڵ ئەم گرووپەشدا 2 بەرنامەی هونەریی لە سەقز و بەرنامەێکی لە شاری #سنە# بەڕێوەبردوە.
هونەرمەند فەرهاد تا ئێستا لە 38 بەرنامەی هونەریدا بە شێوەی زیندوو و ڕاستەوخۆ بەشداری کردوە و لە زۆربەی فستیڤاڵەکانی مۆسیقادا پلەی بەدەست هێناوە کە هەندێکیان بریتین له:
1 بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی ئاواز لە شەشەمین فستیڤاڵی مۆسیقای کوردی کە لە مانگی خەرمانانی ساڵی 1385ی هەتاوی لە شاری سنە بەڕێوەچوو.
2 بەشداری لە دووهەمین فستیڤاڵی بەیت و حەیران لە شاری #سەردەشت#.
3 بەدەستهێنانی پلەی یەکەمی گۆرانیبێژیی لە فستیڤاڵی مۆسیقای سەقزدا.
4 بەدەستهێنانی پلەی یەکەم لە ئاستی گرووپیدا لەگەڵ گرووپی گۆران لە فستیڤاڵی مۆسیقای سەقز.
5 بەدەستهێنانی پلەی باشترین گۆرانیبێژ و دیاریکردنی وەک بلیمەتی بواری دەنگ لە فستیڤاڵی مۆسیقای ڕۆژئاوای ئێران کە لە مانگی سەرماوەزی 88دا بەڕێوەچوو.
6 وتن و خوێندنی بەیت و حەیران لە مۆسیقای مەتنی شانۆی سەیدەوان و هەروەها ژەنیاریی کردن بۆ چەندین شانۆی دیکە.
هونەرمەند فەرهاد ئەمانۆڵڵایی ئێستاش سەرقاڵی ئامادەکردنی نوێترین ئاڵبۆمی هونەریی خۆیەتی کە سەرجەم بەرهەمەکانی ئەم ئەلبوومە نوێ و تازەن و لە 6 گۆرانی و 2 مەقام پێکهاتوون کە 2 گۆرانییان لە لایەن مامۆستا شەهباز شاهین پوور، دووی دیکەیان لە لایەن مامۆستا لاوک لەتیف و دووی دیکەش لە لایەن مامۆستا موزەفەر غلیانی، ئامادە کراوە و ناوبراو لە کۆتاییدا ئەم ئاڵبۆمە نوێیەی پێشکەش بە مامۆستاکەی واتە بێهنام تاهێری کردوە.