من زێنەب مورادپوور، ناسراو بە شیوا لە مانگی پووشپەڕی ساڵی 1370ی هەتاوی لە شاری #سەقز# لەدایک بووم. قۆناغی سەرەتاییم لە قوتابخانەی قودس و قۆناغی ناوەندییم لە قوتابخانەی چەمران و قۆناغی دواناوەندییشم لە خوێندنگەی کەوسەر تەواو کردوە و دواتر ساڵێک لە قۆناغی پێش زانکۆیی درێژەم بە خوێندن داوە.
باوکم دووکاندارە و تا قۆناغی 2ی ناوەندیی درێژەی بە خوێندن داوە و دایکیشم نەخوێندەوارە و خوشکێک و دوو برای گەورەتر لە خۆیشم هەیە کە خوشکەکەم خەریکی تەواوکردنی لیسانسی بیرکارییە و براکەشم خەریکی تەواو کردنی لیسانسی بەرپرسایەتی بازرگانییە و برا گەورەکەشم لەگەڵ باوکمدا لە دووکان خەریکی کاسبیین.
تا ئەو جێگەی لەبیرم بێ من بەردەوام لە قوتابخانه، قوتابیەکی زیرەک و چاوکراوە بووم و هەمیشە لە ئاستی پلەی یەکەمی قوتابخانەدا ئەوەستام. لە بواری وەرزشیشدا چالاک و هەڵسووڕ بووم و چەندین ساڵ لە کێبڕکێکانی هەندباڵ بەشداریم کرد و پلەی یەکەم تا سێهەمی ئەو بوارەم مسۆگەر ئەکرد. هەروەها بەشداری کێبڕکێی بواری تاقیگەی کیمیاییم کردوە و لەم بوارەشدا وەک هەڵبژێردراوی قوتابخانە و خوێندنگەکانی شاری سەقز دیاریی و دەسنیشان کراوم.
کاتێک لە ساڵی یەکەمی قۆناغی دواناوەندی خەریکی خوێندن بووم لەگەڵ فستیڤاڵە زانستییەکانی خوارەزمی ئاشنا بووم و لەو ساڵەدا کۆمەڵێک پڕۆژەم بە مەبەستی بەشداری لەم فستیڤاڵەدا ڕەوانە کرد، بەڵام بە هۆی کەمی کات و دەستکورتی نەمتوانی بە شێوەیەکی بەرچاو لەم فستیڤاڵەدا بەشدار بم. هەروەها بە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە پڕۆژەکانم لەم فستیڤاڵەدا دزرا، بڕیارم دا کە چیدیکە بەشداریی نەکەم، چونکە بەداخەوە زۆر کەس بە هیوایەکی زۆرەوە بەشداری لەم فستیڤاڵە زانستیانەدا ئەکەن بەڵام زۆرجار پڕۆژەکانیان لە لایەن کەسانێکی دیکەوە ئەدزرێن و بە ناوی ئەوانەوە سەبت ئەکرێت یان ئەوەندە لەم ڕێگادا ئەزیەت و ئازار ئەدرێن و بەڵێنی بێ بنەمایان پێ ئەدەن کە چیدیکە ئەنگیزەیان بۆ نامێنێتەوە.
ساڵی 1384ی هەتاوی توانیم یەکێک لە نوێترین و پێشکەوتووترین ئامرازەکانی ئاگادارکردنەوەی تەشەنەکردنی گاز درووست بکەم. ئەم سیستمە کە من درووستم کردوە بە نرخێکی گونجاو ئەچێتە قاڵبی جێبەجێ کردنەوە و شێوازی کارکردەکەشی بە تەواوی ئۆتۆماتیکە و 20 تایبەتمەندی لەخۆ ئەگرێت، ئەمە لە حاڵێکدایە ئەو سیستمانەی کە ئێستا لە بازاڕدان تەنها 3 یان 4 تایبەتمەندییان هەیە و نرخەکەشیان زۆر گرانه، بۆیە پڕۆژەکەی من لە لایەن ڕێکخراوەی (نظام مهندسی) و شەریکە بەناوبانگەکانی ئەم بوارەوە پەسەند کرا.
لە ساڵی 84 بەدواوە تا ئێستا بەردەوام لەسەر ئەم پڕۆژە کارم کردوە و ساڵی 86 بە شێوەی فەرمی وەک داهێنانێکی نوێ لە بەشی اختراعات کشور بە سەبتم گەیاندوە و پاش ئەوە بیرم لە دامەزراندنی کارخانەیەک لە شاری سەقز کردەوە کە بتوانم لە ڕێگای گەشەکردنی شارەکەم دا هەنگاوێکی ئەرێنیم هەڵگرتبێت و هەروەها هەلی ڕەخساندنی کار بۆ دانیشتوانی سەقز بڕەخسێنم. بۆ ئەم مەبەستەش ئیزنی دامەزراندنی کارخانەیەکی پیشەسازییم لە وەزارەتی (صنایع و معادن) وەرگرت و هەروەها ڕەزامەندی دائیرەی STANDARDیشم بە مەبەستی درووستکردنی ئەم ئامێرە بەدەستهێنا و پاشان شەریکەی ئالارم گازی کوردستانم بە فەرمی دامەزراند.
ئەم داهێنانەی من، دواتر وەک پڕۆژەی زانستیی و لێکۆڵینەوەی پارێزگای کوردستان و هەروەها داهێنانی هەڵبژێردراو، دیاریکرا و پاشان لە لایەن وەزارەتخانەکانی: نەوت و گاز، پیشەسازی و دارایی، و هەروەها بانکی ناوەندیی ئێران، پارلەمانی ئێران و سەرۆکایەتی کۆمار، بڕیاردرا کە ئەبێ هەموو بانکەکان بە مەبەستی سەرخستنی ئەم پڕۆژە و چێکردنی کارخانە، وام و بودجەی پێویست و ئاسانکارییم پێشکەش بکەن.
هەرچەند دواتر بۆم ڕوون بوەوە کە سەرجەم بەڵێنەکانی دەوڵەت درۆ بوون و نە تەنها هیچ هاوکاریەکیان نەکردم، بەڵکوو کۆمەڵێک بەربەستیان لە ڕێگەمدا درووست کرد. من تا ئێستا بە بێ ئەوەی هیچ یارمەتییەک لە بەرپرسانی پەیوەندیدار یان ڕێکخراوە دەوڵەتییەکان وەربگرم، لە سەر ئەرکی خۆم پتر لە 10 ملوێن تمەنم لەم پڕۆژەدا خەرج کردوە و هاوکات هەموو بەربەست و بیانووکانی دەوڵەتیشم جێبەجێ کردوە، بەڵام کاتێک هەموو داخوازیەکانی ئەوانم بەجێ هێنا پێیان گوتم کە تۆ سەڵاحییەتی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە گەورەت نییە!
هەموومان ئەزانین چ کەسانێک لە وڵاتی ئێراندا سەڵاحییەتیان نییە و ئەم تاوانە یانی چی! لەم چەند ساڵەدا لەگەڵ کۆمەڵێک کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات ئاشنا بووم کە هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان کەسانی سەرکەوتوون و ئەم پەیوەندیی و وەرگرتنی زانیاریانە بۆ من زۆر گرینگ و بەنرخ بوون.
هەنووکە من خەریکی فرۆشی ئیمتیازی پڕۆژەکەمم و لەم پەیوەندیەدا کۆمەڵێک بیرۆکەی باشم هەیە کە هەرکامیان ئەتوانێ گۆشەیەک لە کێشەکانی گەلەکەم چارەسەر بکات. بەڵام یەکەمین ئامانجی من سەرەتا درێژەدان بە خوێندن لە یەکێک لە زانکۆ باشەکان دایە و ئەمەوێ لەوێ تیمێکی بەتوانا لە لاوانی کورد بە مەبەستی داهێنان دابمەزرێنم.
لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم کە من ئێستا وەک: باشترین داهێنەر، لێکۆڵەری نموونە و باشترین کارئافەرین، هەڵبژێردراوم و ئەندامی ئەنجومەنی بلیمەتەکانی وڵاتی ئێرانم. هیوادارم ڕۆژێک بێتە پێش کە بەرپرسان، یارمەتی بە داهێنەران و بلیمەتەکان (نخبگان) و بە تایبەت بلیمەتە کوردەکان بدەن.