عەباس بەدری
عەباس باقر کازم، ناسراو بە (عباس البدری) ساڵی (1943) لە گەڕەکی (عقد الاکراد _گەڕەکی کوردان)لە شاری بەغداد لە دایک بووە، سەرەتای نوسینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1959) پاشان بۆ یەکەم جار لە ساڵی (1960) لە رۆژنامەی (خەبات) کاری کردووە، ساڵی (1961)لەبەشی ڕۆشنبیری (صوت الاکراد _دەنگی کوردان) کاری کردووە، لە ساڵی 1963 پەیوەندی کردوە بە شۆرشی ئەیلول، لە ساڵی 1964 دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا بە مەبەستی کاری ڕێکخستن، بەڵام لەلایەن دەسەلاتدارانی ئەوکاتی بەغدا دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی (3) ساڵ لە زیندانی نوگرە سەلمان زیندانی ئەکرێت، دوای ئازاد کردنی و لە ساڵی (1968) لە ڕۆژنامەی (النور-ڕوناکی) درێژە بەکاری ڕاگەیاندن دەدات تا ئەو کاتەی لەلایەن دەسڵاتدارانی ئەوکاتەی بەغدا دادەخرێ، لەساڵی 1973 لە هەردوو گۆڤاری (رادیۆ و تەلەفزیۆن و سینەما و شانۆ)کاری کردوە، هەروەها لە رۆژنامەکانی وەک (الفکر الجدید، الجمهوریە، العراق) و رادیۆی (بەغدا)کاری کردووە، هەتا ساڵی (1980)لەبەر هەڵوێستەکانی لە دژی بەعس و لەبەر ئەوەی کە کوردی فەیلی بوە (تەرحیل)دەکرێت بەرەو وڵاتی ئێران ڕادەگوێزرێ، بەو شێوەیە لە ئاوارەیدا دەمێنێتەوە، لە وڵاتی ئێران بەڵام پەیوەندی نەپچڕا لەگەڵ هەڤاڵەکانی و هاوڕێکانی و بەردەوام دەبێت لە نوسین تا ساڵی (1988)کەلەلایەن هەڤاڵەکانی دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندن داوای لێدەکرێ کە جارێکی تر درێژە بە کاری خۆی لە ڕاگەیاندنی (ی.ن.ک)بدات، کە ئەمەش لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی(مام جلال) بوە، ئەویش بەبێ هیچ دوو دڵیەک بەردەوام دەبێت لە خزمەتی گەل و نیشتمان و ئەو ر ِێبازەی کە باوەڕی پێ بوو.
وەک هاورێ و هەڤاڵەکانی دەگێرنەوە دەستێکی باڵای هەبوە لە گەشەکردنی بڵاوکراوەی (الشرارە)و بەشی عەرەبی (ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان)، بەمشێوەیە بەبێ(دابڕان) بەردەوامی دەبێ لە خەبات هەتا ڕاپەڕینی(ئاداری1991)، لە دوای ڕاپەڕین یەکێک دەبێت لە ڕاگەیاندنکارانی هاوڕێی شاندی دانوستکارانی کورد لەگەڵ رژێمی بەعس، کە ئەوکات بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان ئەنجام دەدرا، هەر دوای کۆنگرەی یەکەمی (ی.ن.ک)، کاتێک بڕیار دەدرێت بە گۆڕینی ناوی (الشرارە) بۆ (الاتحاد) دەبێت بە یەکەم سەرنوسەری رۆژنامەی (الاتحاد)، سەرەڕای ئەوەی ڕۆڵێکی کارای هەبوە لە گەشەکردنی ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، پاشان دەبێتە بەڕێوەبەری (ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان) و بەرپرسی بەشی هەواڵی تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان.
عباس البدری لە ساڵی (1993 بۆ1997)لە (تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان)بەرنامەی (حدیپ الیوم) ئامادە و پێشەکەش دەکردو بەڵام درێژەی داوە بە نوسینەکانی لە ڕۆژنامەی (الاتحاد)، لە ساڵی (2000) دامەزرێنەری بەشی عەرەبی کەناڵی ئاسمانی (kurdsat) دەبێ و بەرنامەیەکی دەبێت بە ناوی (الی الملتقی) هەتا ساڵی (2003) و دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و لەگەڵ هەڤاڵەکانی (الاتحاد) دادەمەزرێنن کە ئەوکات وەکو یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دوای ڕوخانی ڕژێم بوو بە مانشێتی زۆرێک لە ڕاگەیاندنەکان، بەوشێوەیە بەردەوام بوو لە (الاتحاد)، هەتا ساڵی (2006) دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی (مام جلال) داوای لێدەکرێ لە(تۆڕی میدیایی عێراق) وەکو کوردێک لە ناو کوردیش کە بۆ (ی.ن.ک) بووە کاربکات و دەبێتە (ئەندامی دەستەی دادوەری) لەو دەزگایە هەتا ساڵی (2010).
عباس البدری دانەبڕا لە نوسین و بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی بە تایبەت دوای هەڵگیرسانی شۆرشی (تەکنەلۆژی) ئەویش لە ڕێگەی ماڵپەرە ئەدەبی و ڕۆشنبیری سیاسەکان و تۆڕە کۆمەڵاتیەکان، کە بە داخەوە دوا نوسینی عباس البدری نوسەر و ئەدیب و عاشق بابەتی (العشق مصارع لا یصرع)، واتە(عەشق زۆرانبازێکە زۆرانی لەگەڵ ناگیرێ)بوو کە لە ڕۆژی (31-12-2014)نوسیوێتی.
مامۆستا عباس البدری زۆر بە ئارامی ماڵئاوای لێکردین هەروەک چۆن بە هێمنی لەگەڵماندا ژیا، بە داخەوە لەڕۆژی (14-01-2015) دڵە گەورە و پاک و بەوەفاکەی لە لێدان کەوت و بە جێی هێشتین.
بەڵی عباس بدری بە جەستە لەلامان نەما، بەڵام هەروەک چۆن دۆستان و هاوڕێ و هەڤاڵەکانی دەڵێن عەباس بەدری بە قسە خۆشەکانی و نوسینەکانی و ئامۆژگاری و ڕەخنە(بونیاتنەرەکانی)لە ناوماندا بۆ هەتا هەتایە بە زیندویی دەمێنێتەوە.