کفتە بە بڕوێش وەک خواردنی ژەمێکی سەرەکی زیاتر لە کەشی سارددا ئامادە دەکرێت، چ بە بڕوێش یان بە برنج بێت، لێرەدا چۆنییەتی ئامادەکردنی کفتە بە بڕوێش دەخەینە ڕوو:
کەرەستەکانی:
یەک کیلۆ بڕوێش
نیو پەرداخ ساوەری ورد
یەک کیلۆ قیمە
یەک دەسک کەرەوزی وردکراو
دەرمانی کفتە
ڕۆن و خوێ
دوو سەلک پەتاتەی وردکراو
سەلکێک پیاز
دۆشاوی تەماتە
زەردەچەوە و کاری و بیبەری سووری هاڕاو
دەسکێک سڵقی وردکراو
کشمیش و بادەم و گوێز بەپێی ئارەزوو
ئاو
ئامادەکردنەکەی:
سەرەتا بڕوێش و ساوەرەکە لە دەفرێکدا تێکەڵدەکرێت لەگەڵ بڕێک خوێ بۆماوەی کاتژمێرێک دادەنرێت تا جوان دەخوسێت، دەتوانیت جارجار دەستی تێبخەیت و تێکی بدەیت تا بەجوانی نەرم بێت.
پیازەکە لە تاوەیەکدا لەناو ڕۆن کەمێک سووربکەرەوە و قیمەکەی تێبکە دوایی سێ خولەک کەرەوز و دۆشاوی تەماتە و دەرمانەکان و پەتاتە و کشمیش و بادەم و گوێزەکەی تێبکە تا پێکەوە جوان سووردەبنەوە، لەسەر ئاگر دادەگیرێت و دادەنرێت تا سارد دەبێتەوە.
کە بڕوێش و ساوەرەکە ئاوەکەیان هەڵچنی جوان بیشێلە تا دەبێتە هەویر، دواتر پارچەی خڕ خڕ دەکرێت یان بەو شێوەی کە خۆت دەتەوێت، بۆهەر پارچەیەک دوو کەوچکی چێشت ناواخنەکەی تێدەکرێت، لەگەڵ خڕکردنی، دەست بە کەمێک ئاو تەڕبکە تاوەکوو بەدەستەوە نەنووسێت و هەڵنەوەشێت.
بۆ درووستکردنی شۆرباکەی دەبێت سڵقە وردکراوەکان لەناو مەنجەڵێک و بڕێک ڕۆندا کەمێک سووربکرێتەوە، پاشان دۆشاوی تەماتە و خوێ و کەمێک کشمیش و ئاوی تێدەکرێت، دوای ئەوەی پێکەوە کوڵان وردەوردە کفتە ئامادەکراوەکانی تێدەکرێت و سەری دادەپۆشرێت.
بۆماوەی زیاتر لە 30 خولەک لەسەر ئاگرێکی مامناوەند دادەنرێت تا جوان پێکەوە دەکوڵێن، پاش کوڵانی لەسەر ئاگر دادەگیرێت و لەگەڵ سەوزە و دۆ و نان پێشکەش دەکرێت.[1]