غەریب هەڵەدنی
لە تەموزی 1976 لە مەفرەزە سەرەتاییەکان شارباژێڕ بووە بە پێشمەرگە.هەر ئەو ساڵە، خۆی و باوکی کە ئەویش ئەندامی کۆمەڵە بوو، پەناگەیەکیان بۆ چاپخانەی کۆمەڵە لە تەنگەی مادێنای حەسەن بەگ لە چییای ژیلوان بەرامبەر بە گوندی هەڵەدن داناو بە ئامێرەکانی ئەم چاپخانەیە یەکەم بەلاغی عەسکەری شۆڕشی نویِ چاپکرا.
ساڵی 1978 لەگەڵ هێزەکانی یەکێتی بەرەو برادۆست بەڕێکەوت و لە ناوچەی هەکاری دووچاری کێشمەکێشو نەهامەتییەکی زۆر بوو.
بەشدار بوو لە هەردوو کۆنفرانسی 1 و 2 ی کۆمەڵەو لە ساڵی 1982 دا بووە ئەندامی کەرتی رێکخستنی دووکان.
ساڵی 1985 وەک کادرێکی عەسکەری گوێزرایەوە بۆ مەڵبەندی یەک لە قەرەداغ.
ساڵی 1986 گەڕایەوە بۆ دۆڵی جافەتی و لەگەڵ چەند کادرێکی تردا ئەرکی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی و کەل و پەلی لە ناوچەی ئالانەوە بۆ بارەگاکانی یەکێتی لە دۆڵی جافەتی پێسپێردرا.
ساڵی 1987 بو بەکادیر لە سکرتاریەتی سکرتێری گشتی، هەر ئەو ساڵە کرایە فەرماندەی تیپی پارێزگاری،
ساڵی 1988 لە گوندی هەڵەدن لە کاتی شاڵاوی ئەنفالی 1ی دۆڵی جافەتیدا بەگازی کیمیایی جۆری خوردەل بریندار بوو.
لە حوزەیراندا بەشداری لە شەرەکانی سنوری مەڵبەندی 3دا کردو لە ئەیلولدا وەک فەرماندەی پارتیزانەکانی ڕەتڵی سورداش گەڕایەوە بۆ ناوچەکانی دۆڵی جافەتی و مەرگە وسورداش و لەو ماوەیەدا ئەرکی رێکخستنی پەیوەندی نێوان سەرکردایەتی و رێکخستنی سلێمانی گرتە ئەستۆ.
لەبەرنامەی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دا یەکێ لە فەرماندەکانی قۆڵی سورداش بوو.لە گرتنی سەربازگەی مەرگە بریندار بوو.
ساڵی 1992 بەشداری لە کۆنگرەی یەکەمی یەکێتیدا کردو پاش دامەزراندنی سوپای یەکگرتوی کوردستان بووە فەرماندەی لیوای 22 ی سەربە ناوچەی فەرماندەی سلێمانی.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا بەشداری زۆر داستان و چالاکی کردووە لەوانەشەرەکانی ئاسنگەران، ژیلوان، قەندیل، سماقوڵی، دەشتی کۆیە، قەیوان –ماوەت، داستانی ڕزگاری، هەڵەموند، گەرەوان، دابان، هەلاج.
سەلیقەیەکی کلتوری و شوێنەواری هەبوو. ساڵی 1993 ئاسەوارێکی گرنگی مێژویی پێشکەش بە شوێنەوارناسی سلێمانی کرد کە مێژوی بۆ چوار هەزار ساڵ پێشئێستا دەگەڕێتەوەو زیاتر لە پێنج ساڵ بوو پاراستبووی.
هەروەها شوێنی ئاسەوارێکی دیگەی گرنگی پیشانی هەمان فەرمانگە دا لە دەربەندی رەبەنە لە پشت گوندی قەرەچەتان لە بناری چیای پیرە مەگرون لە ناوچەی سورداش.
لە رۆژی 22/07/1993 لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیدا وەک فەرماندەی لیوای (22)ی دوکان، شەهید کرا
بیرەوەریەکانی کەتایبەتن بە ژیانی پارتیزانی ساڵانی 1988-1989 ساڵی 1994 لە سلێمانی لە دەە توێی نامیلکەیەکی بچوکی 64 لاپەڕەیدا چاپ کراون.ئەم نامیلکەیە بە ناونیشانی (خۆم دەوروبەرو هاورێکانم لە بریارێکی مێژوییدا) لەچاپخانەی سەرکەوتن چاپ کراوە و مەحمود ڕەزا پێشەکی بۆ نوسیوەو پەراوێزی بۆ کردووە.