لە زاری خۆیەوە:
کورتەیەک لە ژیان:
رووداوەکانی ژیان ئەوەندە زۆرن، خۆ ئەگەر هەموویان بنووسینەوە، لە ناوەرۆکی نووسینەکان دوور دەکەوینەوە.
بەڵام هەر ئەوە دەڵێم: کە بەندە، محمد پشدەریم و لە وڵاتی ئوسترالیا دادەنیشم و ئەو وڵاتە، وەک دایکێکی دڵ پڕ لە سۆزو میهرەبان، لەناو باوەشی گەرمی خۆیدا حەواندوومێەوەو سەرجەم دەرگاکانی ژیانی بۆ من و هەزارن کەسی وەک من کردووەتەوەو هەموو دەرفەتێکی بۆ ڕەخساندووم کە گرنگترینیان ئازادی بیر کردنەوەیە.
هەر بۆیە منیش سوودم لەو ئازادیە وەرگرت، کە ئەگەر هیچی تریشم لەدەست نەیەت کە بۆ وڵاتەکەی خۆمی بکەم/ (کوردستان), لانیکەم بتوانم لە ڕێگای نووسینەکانمەوە، خزمەتێک بە خوێنەرانی خۆشەویست بکەم. هەروەها لە ڕێگەی ئەوانیشەوە، بە سەرجەم دانیشتوانی نیشتیمانەکەم.
مەبەستیشم لە نووسین و چاپ کردنی بەرهەمەکانم، جگە لە خزمەت کردن و هاوسۆزیم بۆ خەڵکی خۆشەویستی کوردستان، هیچی تر نییە.
هەر بۆیە، لەسەر ئەرکی خۆم بەرهەمەکانم چاپ دەکەم و بەبێ بەرامبەر پێشکەش بە خوێنەرانی خۆشەویستی نیشتیمانەکەمیانی دەکەم.
هیوادارم ئێوەی خۆشەویستیش، بەدڵێکی گەورە، ئەو دیاریەم لێ قبووڵ بکەن و لە کەم و کورتیەکانیشم ببوورن. چونکە هەرکەسێک، هەر ئەوەندە دەکات کە لەتوانایدا هەیە.
هیچ گومانیشم لەوەدا نییە، کە هەرکەسێک شتێکی بچووک بکات، دوا جار پێکەوە، زۆرمان کردووە.
محمد پشدەری
ئوسترالیا
11-02-202211-02-2022