یەکێکە لە مەڵبەندە بازرگانییە هەرە کۆنەکانی ناو شاری #سلێمانی#. ساڵی 1900 شێخ مستەفای نەقیب کە دەکاتە مامی #شێخ مەحمودی حەفید# درووستی کردووە. زۆربەی وەستا و کرێکارەکان کە لە درووستکردنی ئەم قەیسەرییەدا ئیشیان کردووە لە #سنە# و #کرماشان#ەوە هاتن و شارەزایی زۆریان هەبووە لە هونەری بیناسازیدا.نەخشەی قەیسەرییەکەش هەر هەمان نەخشەیە کە لە قەیسەری و بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەکارهاتوون. کاسبکارەکانی ئەم قەیسەرییە جۆراوجۆر بوون وەک خەیاتی و دەلاکی و وشکەفرۆش. بەڵام لەدوای ساڵی چلەکانەوە شەقڵێکی تری بەخۆوە گرت و زیاتر بوو بە بازاڕی عەتارەکان. سەرچاوەی کەلوپەلەکانیش لە بەغدا و سووریا و ئێرانەوە دابینکراون و بازرگانەکانی ئەو سەردەمە خۆیان سەفەری ئەو وڵاتەیان کردووە و تازەترین کاڵایان بۆ دوکاندارەکانی ئەو قەیسەرییە هێناوە. لافاوە بەناوبانگەکەی شاری سلێمانی لە ساڵی 1957 دا زیانێکی گەورەی بەم قەیسەرییە گەیاندووە. ئەو سەردەمە لاوان و مامۆستایان و پیاوە ناودارەکانی کورد کۆمەکی ماددیان پێشکەش بە زیانلێکەوتووان کردووە. ساڵی 1988یش لە ڕووداوێکی تردا قەیسەرییەکە سوتا و خەڵکەکەی تووشی زیانێکی قوورس بوون.دەیان پیاوی ناسراو و کاسبکار و بازرگان لە موسوڵمان و گاور و جوولەکە لەم قەیسەرییەدا کاسبییان کردووە. تۆفیق قەزاز و حاجی شێخ عەلی و حاجی مەلا سەعیدی مامە خەلانی و حاجی عەزیزی شەرعی و شەلەمۆ عەزیز حەکیم و موشێی عەتار و سیمانە و سەلیم بەگی کوتاڵفرۆش هەندێک لە کاسبکارە ناسراوەکانی سەرەتاکانی سەدەی ڕابردووی ناو قەیسەری نەقیب بوون.
ئی بابەتۍ بە زۋانی (کوردیی ناوەڕاست) نۋیسیێنە، پەی ئەۋەکەرڎەی بابەتەکۍ بە زۋانېۋ کە نۋیسێنە، سەرو ئایکۆنو
ی کلیک کەرە!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
ئی بابەتۍ 10,640 جارۍ ۋینیێنە