له 20%ی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر پۆلیسی فریاکەوتنن
بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان لەپۆلیسی کەرکوک ڕایدەگەیەنێت کە لە 20%ی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لەپارێزگاکە پۆلیسی فریاکەوتنن.
ئومێد سامی، کەرکوک: ئەو وتەیەی عەقید نەوزاد سەلاحەدین بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان دوای خستنەڕوی ئاماری شەش مانگی ڕابردوی هۆبەکەیان هات کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات ڕێژەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکانی زیادیکردوە.
عەقید نەوزاد وتی، "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی شەش 46 دۆسیەی تایبەت بەبەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لەهۆبەکەمان کراوەتەوەو 63 کەس دەستگیرکراوە بەتۆمەتی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بەمادە هۆشبەرەکانەوە."
ناوبراو وتیشی، هەر لەو ماوەیەدا دەستبەسەر 9 هەزارو 468 دەنک حەبی ئارتین و 300ملم گرام مادەی هۆشبەردا گیراوە.
بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان ڕونیکردەوە کە بەگوێرەی ئامارەکانیان "20%ی بەکارهێنەرانی مادەهۆشبەرەکان لەپارێزگای کەرکوک پۆلیسی فریاکەوتنن." لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی ڕێژەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان لەو پارێزگایە لە هەڵکشاندایە.
س: کەرکوک ناو
- 27-06-2013