2 کرێکار لەهەولێر گیانیان لەدەستداو ژمارەی قوربانیان له و شارە گەیشتە 15 کرێکار
دوو کرێکاری دیکە لەشاری هەولێر گیانیان لەدەستداو بەوەش ژمارەی ئەو کرێکارانەی لەسەرەتای 2013وە له و شارە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 15 کرێکار.
هێمن مامەند، ئاوێنەنیوز: بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، حەسەن ڕەمەزان، ئەمرۆ، پێنجشەممە، ئەوەی بۆ ئاوێنەنیوز ڕونکردەوە کە دوێنێ، چوارشەممە، دو کرێکار لەدو ڕوداوی جیاوازدا لەشاری هەولێر لەکاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداو هەردو کرێکارەکەش دانیشتوی شاری هەولێر بون.
حەسەن ڕەمەزان وتیشی، بەگیان لەدەستدانی ئەو کرێکارە، ژمارەی ئەو کرێکارانەی لەسەرەتای ئەمساڵەوە لەستوری پارێزگای هەولێر گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 15 کرێکار.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان، هۆکاری زیادبونی گیانلەدەستدانی کرێکارانی گەراندەوە بۆ نەبونی مەرجی سەلامەتی شوێنی کارکردنی کرێکاران، هاوکات ئەوەشی وت کە بەشێک لەهۆکارەکەش بۆ کەمتەرحەمی کرێکاران خۆیان دەگەرێتەوە.
- 27-06-2013