هەرێمی کوردستان: ژمارەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان دەگاتە زیاتر لە هەزار ڕێکخراو
ژمارەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە و بەگوێرەی ئامارێک دوای دەست ەکاربوونی فەرمانگەی ڕێکخراوەکان زیاتر لە 600 ڕێکخراو لە بوارە جیاجیاکان داواکاریان پێشکەشکردووە، بەمەش ژمارەی تەواوی ئەو ڕێکخراوانە دەگاتە زیاتر لە 1200 ڕێکخراو.
فازل عومەر بەرێوەبەری فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستان بە (خەندان)ی ڕاگەیاند: دوای دەستبەکاربوونی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکانی کوردستان لەکۆتایی ساڵی ڕابردوو، 685 ڕێکخراوی نوێ دۆسیەکانیان گەیشتۆتە فەرمانگەکەمان، جگە لەوانە 200 ڕێکخراوی دیکە کە پێشتر هەبوون، خۆیان لەگەڵ یاسای تازەی ڕێکخراوەکان گونجاندووە، ئەمە جگەلە ڕێکخراوە عێراقی و بیانیەکی تر کەژمارەی هەموویان زیارلە 1200 ڕێکخراو دەبێت.
فازل عومەر وتیشی: ئەو ڕێکخراوانەی دواکاریان پێشکەش بە فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان کردووە، زۆربەی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، لەوانە بواری (منداڵان و ژنان و ژینگە و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی و ڕۆشنبیری و میدیا و چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبا و ڕێکخراوی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان).
بەو ڕێکخراوانەی تازە داواکارییان پێشکەشکردووە زیاترلە 1200 ڕێکخراو لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە پێشتر لەرێگای وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتیان پێدەدرا، بەڵام بەگوێرەی یاسای ئێستای ڕێکخراوەکان، تەنها لەرێگا فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان، ڕێکخاوی نوێ تۆمار دەکرێت کە سەرپەرشتی سەرجەم ڕێکخراوە ناحکومی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
- 30-06-2013