هەرێمی کوردستان: ژمارەی رێکخراوە ناحکومیەکان دەگاتە زیاتر لە هەزار رێکخراو
📊 ئامار و راپرسی
ژمارەی رێکخراوە ناحکومیەکان لە هەرێمی کوردستان لە زیادبووندایە و بەگوێرەی ئامارێک دوای دەست ەکاربوونی فەرمانگەی رێکخراوەکان زیاتر لە 600 رێکخراو لە بوارە جیاجیاکان داواکاریان پێشکەشکردووە، بەمەش ژمارەی تەواوی ئەو رێکخراوانە دەگاتە زیاتر لە 1200 رێکخراو.
فازل عومەر بەرێوەبەری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی هەرێمی کوردستان بە (خەندان)ی راگەیاند: دوای دەستبەکاربوونی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکانی کوردستان لەکۆتایی ساڵی رابردوو، 685 رێکخراوی نوێ دۆسیەکانیان گەیشتۆتە فەرمانگەکەمان، جگە لەوانە 200 رێکخراوی دیکە کە پێشتر هەبوون، خۆیان لەگەڵ یاسای تازەی رێکخراوەکان گونجاندووە، ئەمە جگەلە رێکخراوە عێراقی و بیانیەکی تر کەژمارەی هەموویان زیارلە 1200 رێکخراو دەبێت.
فازل عومەر وتیشی: ئەو رێکخراوانەی دواکاریان پێشکەش بە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان کردووە، زۆربەی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، لەوانە بواری (منداڵان و ژنان و ژینگە و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادی و رۆشنبیری و میدیا و چۆنیەتی بەکارهێنانی کارەبا و رێکخراوی تایبەت بە ماددە هۆشبەرەکان).
بەو رێکخراوانەی تازە داواکارییان پێشکەشکردووە زیاترلە 1200 رێکخراو لە هەرێمی کوردستان هەیە، کە پێشتر لەرێگای وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتیان پێدەدرا، بەڵام بەگوێرەی یاسای ئێستای رێکخراوەکان، تەنها لەرێگا فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان، رێکخاوی نوێ تۆمار دەکرێت کە سەرپەرشتی سەرجەم رێکخراوە ناحکومی ناوخۆیی و عێراقی و نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمی کوردستان دەکات.
- 30-06-2013