بەیاننامەی (سەنتەری ئەنفال) لەیادی (30)ەمین ساڵڕۆژی جینۆسایدکردنی هەشت هەزار بارزانی دا
📝 Belgeler
لە دوای نسکۆی شۆڕشی 1974 رژێمی بەعس وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لەمێژووی پڕ لە خەباتی بنەماڵەی سەربەرزی بارزانیەکان هەڵسا بەسوتاندن و خاپورکردنی سەرجەم دێهاتەکانی ناوچەی بارزان و دەستگیرکردن و راگواستنی خەڵکەکەی بەسێ قۆناغ بەپێی داڕشتنی پلانێکی پێشوەختەی نەخشە بۆکێشراو.
قۆناغی یەکەم ساڵی1975 بارزانیەکانی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق راگواست، دواتر لە ساڵی 1980 سەرجەم خێزانەکانیان بۆ دەوروبەری شاری هەولێر و لە ناحیەی قوشتەپە لە هەردوو کۆمەڵگەی زۆرەملێی بەناو (قودس و قادسیە) نیشتەجێکران.
لە قۆناغی دووەمدا لە بەرەبەیانی (31-07-1983)دا بەسەرپەرشتی تاوانباری گۆڕبەگۆڕ (بەرزان تکریتی)، بەهێزێکی زۆری گاردی کۆماری و هێزی تایبەت، دەوری هەردوو ئۆردوگاکە درا لە پڕۆسەیەکی پشکنینی زۆر ووردا هەرچی رەگەزی نێر بوو لە تەمەنی (7- 90) ساڵی دەستگیرکران. هەمان کردار لە (10-08-1983) بەسەر ئۆردوگاکانی (بەحرکە- هەریر- دیانا) داهێنرا. بەمەش ژمارەی سەرجەم گیراوەکان گەیشتە نزیکەی(8000) کەس، دواتر کۆمەڵکوژ کران، کە پاش روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 هەندێکیان لە گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق روفاتەکانیان دۆزرایەوە.
لە قۆناغی سێیەمدا رژێم بەدوای سەرجەم ئەو بارزانیانەوە بوو کە لە هەردوو قۆناغدا دەستگیر نەکرابوون. بەپێی راسپاردەی بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی (فازل بەڕاک) هەر یەکێک دەستگیر بکرابوایە بەبێ دادگا یەکسەر ئیعدام دەکرا.
ئێمە لە (سەنتەری ئەنفال) هاوخەمی خۆمان بۆیادی سی ساڵەی ئەم کۆمەڵکوژیەی گەلەکەمان دەردەبڕین، هیوادارین خوای گەورە شەهیدەکان بخاتە بەر دلۆڤانی خۆیەوەو سێبوری کەسوکاری قوربانیان بداتەوە و جارێکی تر ئەم کارەساتە دووبارە نەبێتەوە. داواکارین لە حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری بەپەلە بکەن بۆ:
1- قەرەبووی ماددی و مەعنەوی کەس و کاری ئەنفالکراوان بەگشتی و کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بارزانیەکان بەتایبەتی.
2- هێنانەوەی روفاتی بارزانیەکان و سەرجەم روفاتەکانی تری ئەنفالکراوانی کوردستان.
3- هەوڵدانی زیاتر بۆ ناساندنی تاوانی ئەنفال و کۆمەڵکوژیەکانی گەلی کوردستان لەئاست نێودەوڵەتی وەک جینۆساید.
لەکۆتاییدا هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی جینۆسایدکراوی بارزانیەکان و سەرجەم قوربانیان لە ئەنفال و کیمیاباران و بێسەروشوێنکراوانی کوردستان و شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان، مردن و روڕەشیش بۆ ئەنجامدەرانی تاوانی کۆمەڵکوژی مرۆڤایەتی.
سەنتەری ئەنفال
هەولێر 31-07-2013
⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!