پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی سیاسەتمەدار و رۆشنبیری ناسراوی کورد فەلەکەدین ک
📝 Belgeler
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هەڤاڵ و برای خۆشەویست، تێکۆشەر و رۆشنبیری ناسراوی گەلەکەمان کاک (فەلەکەدین کاکەیی)م پێگەیشت و زۆر خەمباری کردم.
ئەو پیاوە هەڵکەوتووەی گەلەکەمان، بە درێژایی تەمەنی خۆی لە پێناو نەتەوەکەیدا لە خەبات و تێکۆشاندا بوو، رۆڵی گەورەی ئەو لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، وەک پێشمەرگە و سیاسەتمەدار و وەک رۆشنبیر و میدیاکار لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژووی گەلەکەماندا تۆمار دەکرێت.
لەو رۆژانەدا کە بە ئاگر و ئاسن هەوڵی بێدەنگکردنی کورد دەدرا، جێ پەنجەی فەلەکەدین کاکەیی لە رۆژنامەکانی (التاخی) و (خەبات)دا بۆ گەیاندنی پەیامی کورد، زۆر دیار و بەرچاو بوو. کاک فەلەکەدین وەک رۆڵەیەکی هەڵکەوتووی برایانی کاکەیی، لە شۆڕشی گوڵانیشدا بەشدارییەکی چالاک و کاریگەری هەبوو.
دوای راپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەشمان، کاک فەلەکەدین وەک ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمان و دواتر وەک وەزیری رۆشنبیری و وەک سیاسەتمەدار و رۆشنبیرێکی گەورە خزمەتی دۆزی رەوای گەلەکەی کردووە. بە درێژایی ساڵانی رابردوویش راوێژکارێکی متمانە پێکراوی ئێمە بوو و بەشدارییەکی گرینگی لە دروستکردنی بڕیاری سیاسی لە کوردستان هەبووە.
لە دەستدانی ئەو رۆشنبیر و تێکۆشەرە ناودارەی گەلەکەمان، خەسارەتێکی گەورەیە. بەم بۆنە خەمناکەوە، سەرەخۆشی لە خۆم و خانەوادە بەڕێزەکەی و سەرجەم هەڤاڵانی ئەم رۆشنبیر و تێکۆشەرە گەورەیە دەکەم و لە خوای گەورە داواکارم سەبووریی و دڵنەوایی بە هەموو لایەکمان ببەخشێت و گیانی خوالێخۆشبوویش بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.
انا للە و انا الیە راجعون
مسعود بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
31-07-2013
⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!