رۆژی 22-07-2013لەسەر داوای بەرێز مەسعود بارزانی و بەبەشداریی 39 پارتی سیاسیی کوردی،کۆبوونەوەیەک لە هاوینەهەواری سەلاحەدین،بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی، سازکرا.
ئێمەی هاوبیرانی کوردایەتی، لەو ڕوانگەیەوە کە بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی،یەکیکە لە خواست و ویستەکانمان و لە ساڵی 1979دا ئەو بیرۆکەیەمان خستە پێش چاوی هەندێ لایەن و ساڵی 1985 بۆ هەمان مەبەست دەزگای کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان دامەزرا، بەچاوێکی پڕبایەخەوە ئەڕوانینە بەستنی کۆنگرەیەکی نە تەوەیی بۆ بەدەسهێنانی ئامانجەکانی کە بە پلەی یەکەم بریتییە لە یەکڕیزیی کوردو داڕشتنی نەخشەڕێگەی بەدەسهێنانی داوا نەتەوەییە ڕەواکانی لە سەرتاسەری کوردستاندا.
هەر لەروانگەی پەرۆشیمانەوە بۆ سەرکەوتنی ئەو کۆنگرەیەو بەدیهێنانی ئامانجەکانی، بەئەرکی سەرشانی خۆمانی ئەزانین ئەم دیدوبۆچوونانەمان بخەینە بەرچاوی گەل و کارگێڕانی کۆنگرەکە :
1- بەشداریپێکردنی نۆینەرانی کوردی پارچەی پێنجەمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا کە ڕژێمی سۆڤێتی پێشوو، پەرشوبڵاوی کردنەوە بە ناوچەکانی یەکێتی سۆڤیەتداو ئێستە ژمارەیان پتر لە ملیۆنێکە.
2-بەشداریپێکردنی ژمارەیەک لەو کەسایەتییە کوردییە نەتەوەییە سەربەخۆیانەی جێدەستیان دیارە لە بیرو خەباتی کوردایەتی و بیرۆکەی کۆنگرەی نەتەوەییدا. هەروەها بەشداریپێکردنیان لە کارگێڕیی کۆنگرەکەدا، بەتایبەتی ئەوان بەچاوێکی گشتگیر و دوور لە دیدی پارتایەتی تەسکەوە ئەڕواننە کارەکەو ئەنجامی ئەدەن. کۆنگرەکەش ئەبێ هی نەتەوەی کوردبێ بە هەموو پێکهاتە حیزبی و ناحیزبییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیەوە،نەک تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی چەند حیزبێک،یا بۆ جێبەجێکردنی نەخشەی ئەو نەیارانەبێ کە ئەیانەوێ چەک بەهێزە شۆڕشگێڕەکانی نەتەوەکەمان دابنێن و دەستەمۆیانبکەن و بەناوی خەباتی ئاشتیانەو دیموکراتیکەوە خەباتی شۆڕشگێڕانەی کورد لە گۆڕنێن !! لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ نەتەوەیەک، نەک هەر دەسبەرداری چەک نەبوە، بەڵکو بەردەوام پەرەو گەشە بەچەکەکانیان ئەدەن، بەتایبەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان کە بەدرێژایی مێژوو دژ بەکورد بەکاریانهێناوەو بەکاریئەهێنن.
3-ئەو کۆنگرەیە نابێتە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ئەگەر بەئاشکراو ڕاشکاوانە سەربەخۆیی کوردستان نەکاتە ستراتیجی خۆی.ئەوەش مافێکی ڕەوای هەر نەتەوەیەکە لەسەر گۆی زەوی و لەگەڵ پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و مافی مرۆڤدا گونجاوە.ئەوەشی لاریی لەو مافە هەبێ، با لەپێشدا ئەو مافە لە نەتەوەکەی خۆی بسەنێتەوە ئەوسا لەکورد.
4-ئێمەش خوازیارین،هەتا بکرێ، داواکارییەکانی نەتەوەکەمان بەریگەی ئاشتی و دیموکراتیانەو دوور لە چەک و خوێنڕشتنبێ، وەک لە کۆبوونەوەکەی 22-07-2013دا جەخت لەسەر ئەو تاکە ڕیگەیە کراوەتەوە. بەلام ئێمە ئەو ڕێگەیە بە تاکە ڕیگە نازانین لەگەڵ هەر داگیرکەرێکی کوردستاندا کە نەک هەر دان بەمافە ڕەواکانی نەتەوەکەماندا نانێ، بەڵکو هەمیشە، بە نهێنی و بە ئاشکرا، کار بۆ لەناوبردن و تواندنەوەی نەتەوەکەمان ئەکات! ئەوەتا تا ئیستەش بەردەوام لەرۆژهەلاتی کوردستان بە کۆمەڵ ملی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان ئەکرێ بەدارا لەسەر بچووکترین داواکردنی ئاشتیانەی مافە ڕەواکانیان. لە باکووریش،دوای کشانەوەی گەریلاکانیش، ڕژێمی تورک هیچ هەنگاوێکی کردەییانەی بەرەو ئاشتی و مافەکانی کورد نەناوە. لە باشووریش دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ بەسەر کەوتنی ڕژێمی دیکتاتۆریی بەعس و هاتنە سەر کاری ڕژیمی دیموکراتیانە(!)لە عێراقدا، نەک هەر یەک بست لە ناوچە داگیرکراوەکان نەگەڕێنراوەتەوە سەر قەوارەکەی کوردستان، بەڵکو بەردەوام خەڵکی ئەو ناوچانە بوونەتە ئامانجی کارە تیرۆرستییەکانی (برا)!عەرەبەکانمان. لە ڕۆژئاواش، تازەبەتازە چەکدارەکانی دەوڵەتی ئیسلامی و بیلادی شام و بەرەی نوسرە، کەهێشتا جڵەوی حوکمیان نەکەوتۆتە دەست لە سوریادا، هێرشی دڕندانە ئەکەنە سەر کوردو لە مزگەوتەکانەوە بانگەشەی ئەوە ئەکەن کە کوردەکان بکوژن و ماڵەکانیان تاڵانکەن و ژنەکانیان حەڵاڵکەن بۆخۆیان کەگوایە بەوە ئەچنە بەهەشت!! جا ئاخۆ خەباتی ئاشتیانەو دیموکراتیانە لەگەڵ ئەو دڕندانەدا،لە خۆبەدەستەوەدان بەولاوە،هیچ واتایەکی تێدایە !؟
5-وەک سەرنجێک،داخستنی دەروازەی سنووریی نێوان باشوورو ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ ئەم بانگەشەی کۆنگرەی نەتەوەییەدا ناگونجێ !
کەواتە ئەو بانگەشەی(خەباتی ئاشتیانەو دوور لەچەکە) کە لە کۆبوونەوەکەی سەلاحەدیندا ئەدرا بە گوێدا، وەک تاکە ڕیگەیەک، بۆ بەدیهێنانی مافەکانی نەتەوەکەمان، هیچ بنەمایەکی ڕاستی و وانەیەکی سیاسیی تیانیە. زیانی ئەو جۆرە بانگەشەیەش لەم خاڵانەدا بەدیار ئەکەوێ:
أ-کوشتنی گیانی شۆرشگێڕِانە لە تا ک و کۆی کوردا.
ب-درێژەدان بە باری کەسێتیی شکستخواردووی کوردو ترساندنی لە خەباتی چەکداری بەجۆرێ کە تەنانەت نەتوانی َبەرگری لە ژیانی ئاسایی خۆیشی بکا.
پ-هاندانی زیاتری دەسەڵات و گرووپە چەکدارەکانی دژ بەکورد بۆ کوشتاری کورد بە ڕەها یی و بێ ترس لە بەرەنگاربوونەوەی چەکداری بەرامبەریان.
ت-گومانی ئەوە دروست ئەبێ، کە کاسەی ئەو جۆرە بانگەشەیە، بێ ژێرکاسە نەبێ ! و...هتد
6-هەرچەندە ئێمە لەگەڵ سیستمی حیزبایەتیدانین بۆ نەتەوەیەکی دیل و پارچەپارچەکراوی وەک کورد، لەگەڵ هەڵاوێردکردنی هیچ قەوارەیەکی سیاسیی نەتەوەیی و نیشتمانی کوردیشدانین لەمڕۆدا بۆ ئەم کۆنگرەیە.
بۆیە داواکارین بۆ ئەو کۆنگرەیە، ئەو جۆرە دیاردەو بانگەشانە بەدیار نەخرێن. بەتایبەتی ئەو کۆنگرەیە کارێگی خۆبەخۆی کوردەو لەبەردەم هیچ دادگاو لێپرسینەوەیەکدا نەوەستاوە تا پاکانە لەخۆی بکات،. ئنجا وەک کوردەکە ئەڵێ: (کە خاس ناێژی خراپ بۆ!؟) با لەو کۆنگرەیەدا ئەگەر ئاماژە بۆ خەباتی چەکدارانە نەکرێ لەبەر بارودۆخەکە، بانگەشە بۆ خەباتی خۆبەدەستەوەدانیش نەکرێ.
لەکۆتاییدا بەهیواین ئەم کۆنگرەیە ببێتە ناوەندێکی هەمیشەیی بۆ یەکخستنی ناوماڵی کوردو بریاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەکانی نەتەوەکەمان و گەیاندنی پەیامی یەکدەنگیی نەتەوەکەمان بە ناوەندە جیهانیە بریاربەدەستەکان بەمەبەستی پشتگیرییان بۆ دۆزی ڕەوای کورد لە سەرتاسەری کوردستاندا.
هاوبیرانی کوردایەتی
27-07-2013