راگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانسی
📝 بەڵگەنامەکان
رۆژی پێنجشەممە، (7-11-2013) لە سایتی ئاوێنە بابەتێک بەناونیشانی (داواکردن لە خوێندکاران بۆ ئەوەی روو لە زانکۆی ئەهلی بکەن گاڵتەجاڕییە) بڵاوکراوەتەوە، دەربارەی ئەم بابەتە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە پێویستی دەزانێت ئەم روونکردنەوەیەی لای خوارەوە بخاتە بەر چاوی رای گشتیی و خوێنەرانی سایتی ئاوێنە:
1. ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، رێکەوتی (6-11-2013) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەیدا دکتۆر عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەکانی لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، له و کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەمساڵ 47 هەزار و 860 دەرچووی ئامادەیی داواکارییان پێشکەشکردوە بۆ وەرگرتن لە کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێم، لەوانەش 34 هەزار و 71 دەرچووی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران و، 13 هەزار و 789 دەرچوش لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن ماونەتەوە، بەم پێیەش بۆمان رون دەبێتەوە کە کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان توانیویانە (%72.2) ی دەرچوانی ئامادەیی لەخۆ بگرن، ئەوە لە کاتێکدا ئەم رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ئاستێکی بەرزدایە، کە رێژەی وەرگرتن له و وڵاتانە لە (40٪) تێناپەڕێت.
2. بۆ ئەم ساڵی خوێندن، وەزارەتی خوێندنی باڵای عیراقی فیدراڵ (118 هەزار) دەرچووی ئامادەیی وەرگرتووە بۆ (15) پارێزگای عیراق، لە کاتێکدا کە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی کوردستان بۆ (3) پارێزگا (34071) دەرچووی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگرتوە، هەر بۆیە خوێنەران و رای گشتیی سەرپشک دەکەین بۆ بەراوردکردنی ئەم رێژانە.
3. لە لێدوانەکەی وەزیری خوێندنی باڵادا بەهیچ جۆرێک داوا نەکراوە کە دەرچووانی ئامادەییەکان روو لە زانکۆ ئەهلییەکان بکەن، بەڵکو بەڕێزیان تەنها باسیان لە رێژەی پلانی وەرگرتن لە زانکۆ تایبەتەکان کردوە، کە ئەوانیش دەتوانن بۆ ئەمساڵ تا 10 هەزار دەرچوی ئامادەیی وەربگرن، ئەم زانیاریەش بە هیچ جۆرێک ناچێتە خانەی گاڵتەجاڕییەوە، بەڵکو تەنها پێدانی زانیارییە دەربارەی رێژەی پلانی وەرگرتن له و زانکۆیانە.
4. وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەوڵی تەواوی داوە کە سوود لەوپەڕی توانای وەرگرتنی کۆلێژ و پەیمانگەکانی هەرێم وەربگیرێت، بێگومان هەموو زانکۆیەکی کوردستان توانای وەرگرتنی سنووردارە، بۆ ئەمساڵیش وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا کە (40٪)ی توانای وەرگرتن بۆ هەموو کۆلێژ و پەیمانگەیەک زیاد بکات بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین ژمارەی دەرچووانی ئامادەیی لە ئامێز بگرن، ئەوە لە کاتیکدایە لە هیچ وڵاتێکی دونیادا هیچ حکومەتێک ناتوانێت هەموو دەرچوانی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرێت، بەڵکو زۆرینەی دەرچوان لە دەرەوەی پلانی وەرگرتن دەمێننەوە.
لە کۆتاییدا چاوەڕێمان دەکرد کە راگەیاندنەکان بەشێوەیەکی زانستییانە بەراوردکاریان لە نێوان رێژەی وەرگرتن لە هەرێمی کوردستان و عیراقی فیدراڵ و وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەی دونیا بکردایە، نەوەک بەشێوەی نەگەتیڤ لە ئەنجامەکانی وەرگرتن لە زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێم بڕوانن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
10-11-2013