ساڵح حەیدەری
بنەماڵەی حەیدەری بنەماڵەیەکی دیار و هەڵکەوتووی کوردستانن و خاوەنی دەیان کەسایەتیی گەورەی سیاسی و روناکبیری و کۆمەڵاتین و لە رشتە جیا جیاکاندا خزمەتێکی زۆریان پێشکەش بەگەل و نیشتمانەکەیان کردووە.
ساڵح حەیدەری یەکێکە لەروخسارە دیارە فیکری و سیاسی و روناکبیرییەکانی ئەو بنەماڵە هێژایە و بەیەکێک لە پێشەنگە دیارەکانی بیری چەپ و نوێی پێشکەوتنخواز و قەڵەمێکی جەسور لەکوردستان و عیراق دادەنرێت.
ساڵح حەیدەر عاسم ناوی تەواوی ئەم کەسایەتییە و بەساڵح حەیدەری ناسراوە.
رۆژی 9ی مایسی 1922 لەگەڕەکی عارەبانی شاری هەولێر لەدایک بووە. لەهەولێر و بەغدا قۆناغەکانی خوێندنی تەوا و کردووە و ساڵی 1961 بڕوانامەی حقوقی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
ساڵح حەیدەری هەر لەسەرەتای چلەکانی سەدەی رابردوەوە تێکەڵاوی جوڵانەوەی سیاسیی بووە و بە یەکێک لە پێشەنگەکانی بیری نوێ دادەنرێ و ساڵی 1942رێکخەری یەکەم شانەی مارکسی بووە لەشاری هەولێرو لەحزبەکانی شۆڕش و رزگاریی کورد و حزبی شیوعی عیراق و پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سەرکردەیەکی دیار خەباتی کردووە و داکۆکیکاری بیری چەپ و پێشکەوتنخواز بووە و شوێن پەنجەی لەو بوارە دیار بووە.
ساڵح حەیدەری قەڵەمێکی دیارو سەنگین و بوێر بووە و وەک خاوەن ئیمتیازو سەرنوسەرو رۆژنامەنوس خزمەتێکی زۆری بەکاروانی رۆژنامەگەری نهێنی و ئاشکرای کوردستان و عیراق کردووە.
لەرۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک(یەکێتی تێکۆشین، رزگاری، شۆڕش، ئازادی، ئازادیی کوردستان، خەبات، خەباتی کوردستان، کادر، گەلاوێژ، العراق و پاشکۆ کوردییەکەی) کاری کردووە و بەرهەکانی بڵاو کردۆتەوە.
ئەندامی یەکێتی نوسەران و سەندیکای رۆژنامەنوسان و کۆمەڵەی رۆشنبیری کوردی بووە لەبەغدا.
ساڵح حەیدەری بیرەوەرییەکانی لەدوو توێی کتێبێکدا چاپ کردووە و چوار کتێبی تری دەستنووسی هەیە.
بەداخەوە ئەم کەسایەتییە هەڵکەوتووەی کوردستان لە 6ی ئابی 2001 بەنەخۆشی کۆچی دوایی کرد و چووە ریزی نەمرانی کوردستانەوە و لە گۆڕستانی حەیدەریان لەشاری هەولێر بەخاک سپێردرا.
[1]