لە دایک بووی شاری سلێمانی ساڵی 1961گەڕەکی چوارباخ یەکێکە لەو هونەرمەندانەی، کە هەر لە سەرەتای لاوێتیەوە تێکەڵاوی ژیانی هونەری بووە،دەستی کردوە بە نیگار کێشان بە شێوەیەکی ساکار و بێ سنور، کاریگەری زۆری هونەرمەندی جیهانی (ڤنسینت ڤان کوخ)ی لەسەر بووە و لە تەمەنێکی مناڵیدا دەچێتە ناو خەیاڵی فانتزیای هونەرو وێنە کێشانەوە. لە ساڵانی 1977 بە شێوەیەکی بەردەوام دەبێتە قوتابی لە سەنتەری لاوان لە ژێر دەستی هونەرمەندان کامل ئەحمەد و لالۆ عەبدە تا ساڵی 1980، کارەکانی ڕەنگدانەوەی جوانی سروشتی کوردستان بووە و ڕەنگەکانی بریتین لە ڕەنگی هەتاو وسەوزایی لە هەمان کاتدا و بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری ژیانی بەدبەختی و کارەساتە یەک لە دوای یەکانی نەتەوەکەی لە تابلۆکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.. لە ساڵی 1993 هونەرمەند بە شێوەیەکی فەرمی بانگهێشت دە کرێت بۆ فەرەنسا بۆ ئەوەی بەشداری پێشانگایەکی هونەری بکات لە شاری پاریس. بە ناوی (هونەر لە ئەنفالدا). هونەرمەند لە ساڵی 1994 ەوە لە هۆڵەندا دەژێت و بە بەردەوام گەشەی بە کاری هونەری خۆی داوە، بەشداری چەندین پێشانگە و چالاکی هونەری جۆراو جۆری لە کوردستان و لە ئەوورپا دا کردووە. ئاراس یەکەمین پێشەنگای تایبەتی خۆی لە گەلەری گؤیژە لە سلێمانی لە ساڵی 1978 دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوە کۆمەڵێک کاری هونەری و پیشانگەی لە کوردستان لە ساڵانی 1977 تاوەکوو 1994 لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک کردوەتەوە.
لە ساڵانی 1994 تا ئێستا بە چەندین پێشانگەی هونەری تایبەتی و بەشداری پێشانگەی هاوبەشی لە وڵاتانی هۆڵەندا، فەرەنسا، نەمسا، ئەڵمانیا و ئینگلتەرا کردووە. هونەرمەند هەمیشە هەستی نەتەوایەتی و چەوساندنەوەی گەلەکەی لە بیرو هۆشیدا چەسپاوە و وای کردوه، کە لە هەموو کارەکانیدا هەست بە جۆرە خەمێک و توڕەییەک بکرێت هەروەکو هونەرمەندانی هۆڵەندی هەمیشە ئاماژەی پێ دەدەن لە کاتی کردنەوەی پێشانگەکانیدا.