ئامارێکی ڕێژەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم خرایەڕوو
خەندان - ڕەهێڵ سەمەد
بەگوێرەی ڕاپرسییەک کە ئەمڕۆ لە شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا خرایەڕوو، کەمتر لەسەدا دووی هاوڵاتیانی هەرێم ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
زیاد حەمد سکرتێری ڕێکخراوی هۆشیاری لاوان ڕاگەیاند: لەرێگای ڕاپرسییەک و لە ئەنجامی دابەشکردنی (4) هەزار فۆرم کە (3128) فۆڕم گەڕاوتەوە، کە (21) پرسیار ئاراستەی هاوڵاتیان کراوە لە هەردوو ڕەگەز، خۆشبەختانە دەرکەوتووە ڕێژەیەکی کەم بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر هەیە لە هەرێمی کوردستاندا.
زیاد حەمد وتی: "له و ڕێژەی فۆڕمانەی کە بەدەستمان گەشتووەتەوە، تەنها (60) کەس ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن".
ئاماژەشی بەوەدا کە "ئەویش کەمترە لە سەدا دووی دانیشتوانی هەرێم لە هەردوو ڕەگەز، بەڵام ڕاپرسییەکە دەریدەخات کە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم بوونی هەیە".
هەرله و کۆنفرانسە ئەوە ڕاگەیەندرا کە بەپێی ئامارێک لەشاری کەرکوک کە لەدەزگاکانی ڕاگەیاندنیش بڵاوکراوەتەوە (460) کچ بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن و بەشێکیشیان بەوهۆیەوە پەردەی کچێنیان لەدەستداوە، تەمەنیشیان لە 18 بۆ (24) ساڵییە، بۆیە کەرکوک پێویستە گرنگی پێبدرێ.
هەروەک لەسنوری قەزای سۆران (310) کەسی تر لە ڕەگەزی مێینە ئالودەی ماددە هۆشبەرەکانن، بەپێێ سەردانێکی مەیدانیش بۆ خوێندنگاکان، لەشاری سلێمانی (25) خوێندکاری کچ ئالودەی بەکارهێنانی حەپن.
هەروەک یاسا ناسان ئاماژەی بۆ دەکەن سزای ئه و کەسانەی مادەی هۆشبەر بەکار دەهێنن سزایەکی قورسە تا دەگاتە لە سێدارەدان و زیندانی هەتاهەتایی.
خستنەڕووی ئه و ئامارە لەکاتێکدایە کە لە کۆتایی مانگی 10ی ئەمساڵ لەلایەن ئاسایشی گشتی هەرێم لەناوبردنی یەک تەن ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر ڕاگەیەندرا، کە لە ماوەی 2-3 ساڵی ڕابردوو لە سنوری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دەستیان بەسەردا گیرابوو.
- 30-12-2013