ئۆتۆمبێل 375 کەس لە گەرمیان دەکوژێت
📊 ئامار و راپرسی
خەندان سۆران کەریم
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا، ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆی ساڵی رابردوو و زیانەکانی خستەڕوو، کە لەماوەی ساڵی رابردوودا 53 کەس بە درووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لە دەستداوە.
لە کۆنگرەکەدا، عەمید ناسر بەڕێوەبەری هاتوچۆی گەرمیان ئاماری رووداوەکانی ساڵی 2013ی خستەڕوو، بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، له و ساڵدا 416 رووداوی هاتوچۆ لە سنووری گەرمیان روویانداوە، له و ژمارەیەش 76 رووداویان لە جۆری شێلان بووە و 83 ی وەرگەڕان و 257 یش پێکدادان.
ئەوەش خرایەڕوو، کە 71 رووداو لەسەر رێگای سەرەکی کەلار_ دەربەندیخان روویانداوە و 62 لەسەر رێگای کەلار_ کفری و 145یش لەسەر رێگای کەلار_ خانەقین، لەسەر رێگای کەلار_ جەلەولاش تەنها 19 رووداو روویانداوە، لە ناو شاری کەلاریشدا 119 رووداو تۆمار کراوە.
بەهۆی ئه و رووداوانەشەوە کە لەسنووری گەرمیان لە ماوەی ساڵی 2013دا روویانداوە 53 کەس گیانیان لەدەستداوە کە 11 کەسیان لە رەگەزی مێ و 42 ی لە رەگەزی نێر بووە.
هەروەها بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە لە ساڵی 2013دا لە سنووری گەرمیان 451 کەس برینداربوون کە 51 برینداریان منداڵ بوون و 122 یان ئافرەت بوون.
بەپێی ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، لە ساڵی 2006ەوە تا ساڵی 2013 لە سنوورەکەدا و بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە 375 کەس گیانیان لە دەستداوە.
- 04-01-2014