بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بەچوونی مەحمود سەنگاوی بۆ دادگا
📝 Belgeler
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، وێڕای ئیدانەکردنەوەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی و سەرجەم کارە تیرۆریستییەکانی هاوشێوەی و سەرلەنوێ دەربڕینی هاوخەمی بۆ کەسوکارو خانەوادەکەیان، بەپێزانین و ستایشێکی زۆرەوە چوونی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بۆ بەردەم دادگا بەمەبەستی وەرگرتنی وتەکانی لە کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانیدا دەنرخێنێت کە سەرلەنوێ ئەو راستییەی بۆ هەموولایەک سەلماندەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەرۆشی سەروەریی یاساو بەدامەزراوەییکردنی دەسەڵاتی دادوەرییە، بەکردەوە نەک تەنیا بەقسە.
ئەو هەڵوێستە بوێرانەیە کە خۆی لەخۆیدا وەڵامێکی بەجێیە بۆ ئەو هەڵمەتە ئیعلامییە ناڕەواو دوژمنکارانەیەی دەکرێتە سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەردەوام لەبۆسەدایە بۆی، لە لایەکی دیکەشەوە خەمخۆری و دڵسۆزی هەڤاڵێکی تێکۆشەرو پێشمەرگەو خەباتگێڕێکی دێرینە بۆ چەسپاندنی یاساو پتەوکردنی حوکمی قانون لە هەرێمی کوردستان کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردەقشکێنیەتی و لە ئەولەویەتی ئامانجەکانیدا دایناوەو پێشتریش چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لە کێشەی جیاجیادا چوونەتە بەردەم دادگا کە ئەوەش باوەڕبوونە بە سەروەریی یاسا.
بەناوی مەکتەبی سیاسییەوە دەستخۆشی لە هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی دەکەین و ئەو هەنگاوەی بەرزدەنرخێنین کە جێگای ستایشە، چونکە سەلماندی رەوشت و هەڵوێستی پێشمەرگانە لەم سەردەمەدا تەنیا خۆی لە پارێزگاریکردن لە سنوورەکانی خاکی کوردستاندا نابینێتەوە، بەڵکو هاوتەریب بەم سەروەرییە پارێزگاری لە سەروەری یاساو راگرتنی ئارامی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش لە هەر شوێن و جێگایەکی ناو خاکی کوردستاندا پێشمەرگایەتییە.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
2014/1/8
⚠️ Bu madde (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) dilinde yazılmış olan, orijinal dilinde öğeyi açmak için simgesini
tıklayın!
⚠️ ئەم بابەتە بەزمانی (🏳️ کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!