مەلا عەبدوڕڕەحمانی ڕاجی
22-11-1959
ڕاجی، ناوی تەواوی (مەلا عەبدوڕڕەحمانی کوڕی مەلا ئیبراهیم)ە لە تیرەی مکایەڵی هۆزی جافی شارەزوورییە، باپیری ناوی مەلا مەحمودی کوڕی بارامە کە ناسراوبوون، لە ساڵی (1912) لە شاری (کۆیە) لەدایک بووە، دایکی ناوی (هەمین)ە کچی حاجی قادری کۆیە، بەڵام نەک حاجی قادری شاعیر.
لەساڵی 1920 و لە تەمەنی (8) ساڵیدا لەلای باوکی دەستی بە خوێندن کردووە لە دێی (گەڵنێری)ی سەر بە ناحیەی (چناران)ی قەزای ڕانیە. دوای ئەوەی هێزێکی لە خوێندن وەرگرتووە، چۆتە کۆیە لە قوتابخانە ناوەندییەکان خوێندوویەتی، لە ساڵی (1926) دا بۆ هەوڵی خوێندن لە ناوچەکانی (مەرگەو سولەیمانیو خۆشناوەتی) دا گەڕاوە. لە ساڵی (1929)دا هاتۆتەوە بۆ قوتابخانە گەورەکانی کۆیە، بەڕاستی بە هەموو زانستەکانەوە خەریک ماوەو موتاڵای کتێبەکانی قوتابخانە ڕەسمیەکانیشی کردووە وەکو (حیسابو هەندەسەو جەبرو جوگرافیاو... هیتر). زۆر تێکۆشاوە کە گیروگرفتو مونافەسەی نێوان قوتابی دینیو قوتابی ڕەسمی لابەرێو برایەتی زانیاری پەیدا ببێ تا بەچاوی خۆی دیتی.
ڕاجی، لە زانستی (نحو، صرف، منگق، بەلاغە، بەیان، عەقائید، أصولو فروع) شارەزایی پەیدا کردووە، لە ساڵی (1937) بڕوانامەی دوایی مەجلیسی عیلمی وەرگرتووە لەلای خوالێخۆشبوو جەنابی (مەلا بەهائەدین کوڕی مەلا شێخ تەیب - ئیمامو خەتیبی مزگەوتی بایزاغای کۆیە)و لای ئەندامانی مەجلیس کە بریتی بوون لە (مەلا صادقی دایە خەجێ)و (مەلا عەلی باداوەیی)و (حاجی مەلا ئیبراهیمی زینۆیی)و (وەکیلی قازی شەرعی)و (کاتبی عەدل)، بڕوانامەکەی لەلایەن ئەو بەڕێزانەوە بە ژمارەی (56) لە تەئریخی (18/2/1356 کۆچی) بەرامبەر بە (29/4/1937 زاینی) بەم دەرەجانەی خوارەوە، تەصدیقو ئیمزا کراوە.
ڕاجی لە (22/9/1939) ژنی هێناوە کە ناوی (مامزی کچی عەبد) بووە لە شاری کۆیە. لەساڵی (1940) لە کۆیە دەرچووەو بۆتە مەلای ئەهلی لە دێی (قوڵقوڵە)، لەساڵی (1941) چۆتە دێی (خەرابە)و بۆتە مەلای ئەهلی لەلای (عەزیز ئاغای صاڵح ئاغای غەفووری). لەساڵی (1954) لە (خەرابە) باری کردووەو بە مەلایەتی چۆتە دێی (گەڵنێری)، لە ڕۆژی (26-10-1958) بەهۆی ژێر ئاو کەوتنی گوندەکە بەژێر ئاوی حەوزی دوکانەوە، لەگەڵا بەشێک لە خەڵکی ئەو گوندە بە فەرمانی میری گواستراوەتەوە بۆ دێی (سابوراوای تازە) لەناحیەی سورداشو لە خانووی ژمارە (7) نیشتەجێ کراوە.
لەبەرئەوەی لە ژنی یەکەم خوا هیچ منداڵی پێ ڕەوا نەدیتو، زۆر ساردو گەرمی لە تەمەنی خۆیدا چێشتو درەختی ژیانیشی بەرەو پیری دەڕۆیشت، بۆیە لە ڕۆژی (28/3/1952) ژنێکی دیکەی هێنا بەناوی (زبێدە مستەفا حەمەد). (ڕاجی، لەم ژنەی دووەمی چوار کچو پێنج کوڕی بووە بەناوەکانی: بەیان، زوهرە، شۆڕش، شیرین، ئیسماعیل، ئازاد، کاوە، سەلاح و سەباح).