لەکەرکوک 85 ئافرەت خۆیان بۆ پەرلەمانی عێراق کاندیدکردوە
📊 ئامار و راپرسی
85 ئافرەت لەنێو 28 کیانی سیاسی لەکەرکوک خۆیان بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندیدکردوە، رێکخراوێکیش رایدەگەیەنێت، لەرێی هاوکاریکردنی کاندید و پەرلەمانتاران هەوڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئافرەت دەدەن.
کەرکوک، ئاوێنەنیوز: بڕیارە لە 30ی نیسانی داهاتو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سازبکرێت، کاندیدانی ئافرەت سەرەڕای ئەرکە سیاسی و ئابورییەکان، خەمی توێژەکەی خۆیان یەکێک دەبێت لەئەرکە بنەڕەتیەکانیان، بۆ سەرکەوتنیشیان لەم بوارەدا لەئێستاوە رێکخراوێک قۆڵی لەگەڵ هەڵماڵیون.
ڕێکخراوی هیوای عێراقی کە تایبەتە بەرپرسی ئافرەتان بەهاوکاری ڕێکخراوی (هیبۆسی) هۆڵەندی بۆ ماوەی دوو رۆژ لەکەرکوک خولێکیان بۆ کاندە ئافرەتەکانی نێو لیست و قەوارە سیاسیەکانی شارەکە ئەنجامدا.
لەشاری کەرکوک 28 کیانی سیاسی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان سازکردوە، لەنێو کاندیدانی ئه و کیانانەشدا 85 کاندیدی ئافرەت لەنەتەوە و توێژە جیاجیاکانی شارەکە بەدیدەکرێت.
سردو محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی هیوا بەئاوێنەنیوزی راگەیاند، پرۆژەکە لەسەر ئاستی عێراق ئەنجامدراوە کە لەبەشی یەکەمیدا نزیکەی هەزار ئافرەت بەشداربون. وتیشی، هەوڵدەدەین ئافرەتان سەرکەوتوبن لەپڕۆسەکەداو ببنە نمونەیەکی سەرکەوتوو بتوانن سەرنجی ئافرەتانی دیکەش بۆخۆیان ڕاکێشن.
ناوبراو هێمای بۆئەوەکرد، دەمانەوێت لەرێگای ئەم کاندیدانەوە کە لەداهاتودا بەشێکیان دەبنە پەرلەمانتار پێکەوە بەشێک لەکێشەکانی ئافرەتان و کێشەکانی کۆمەڵگا چارەسەربکەین.
بەپێی یاسا کارپێکراوەکان پێویستە سێ یەکی کاندیدی لیست و قەوارە سیاسیەکان بۆ هەڵبژاردنەکان لەعێراق ئافرەت بن کە بەسیستمی کۆتا ناسراوە و ئامانج لەم کارە جێکردنەوەی رۆڵ و جێدەستی ئافرەتانە لەپرۆسەی بەڕێوەبردندا، بەڵام بەرپرسی رێکخراوی هیوا رەخنە لەچەند لایەنێکی سیاسی دەگرێت و دەڵێت، "چەند لایەنێک تەنها لەبەر یاسای کۆتا ئافرەتیان لەلیستەکانیاندا داناوە و تەنها بۆشاییان پێپڕکراوەتەوه و هەوڵیاننەداوە ئەم ئافرەتانە بکەنە نمونەی کەسانی سیاسی سەرکەوتو".
- 23-02-2014