دهۆک..27 حاڵەتی سووتان روویداوە کە دوانیان پیاو بوون
📊 ئامار و راپرسی
خەندان-رەڤەند گوهەرزی
بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی سوتان و جوانکاری دهۆک ئاشکرایکرد، لە ماوەی سێ مانگی ئەم ساڵدا 27 رووداوی سوتان روویداوە و لە ناویاندا دوو پیاو هەیە کە ئاگریان لە خۆیان بەرداوە.
محەمەد زیاد، بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی سوتان و جوانکاری لە دهۆک تایبەت بە خەندانی راگەیاند: "لە مانگی یەکەمی 2014 دا لە سنووری پارێزگای دهۆک هەشت رووداوی خۆ سوتاندن روویداوە و زۆر بەیان ژن بوون".
وتیشی : "لە مانگی شوباتدا11 رووداوی خۆ سوتان دروست روویداوە، کە لە نێوانیاندا پیاوێک لەگەڵ 10 ژن هەر هەموویان گیانیان لە دەست داوە".
بەڕێوەبەری کارگێڕی لە نەخۆشخانەی سوتان و جوانکاری دهۆک ئەوەشی خستەڕوو: "لە سەرەتای مانگی ئازاری تا ئێستا هەشت رووداوی خۆ سوتان دروست بوونە و کە شەش له و حاڵەتانە ژن بوون و یەک منداڵ و پیاوێک هەر هەموویان گیانی لە دەست داوە".
محەمەد زیاد، ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێک له و حاڵەتانە ژنێک کاتێک ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە منداڵە دوو سالانەکەی لە باوەش گرتووه و لەگەڵ خۆی سوتاندویەتی، بۆیە دوای مانەوەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە".
بەپێی قسەی ناوبراو رێژەی زۆربەی ئەوانەی ئاگری بەخۆیانەوە ناوە لە سەدا 70 زیاتر بووە و پێشبینی دەکرێت لە 2014دا رێژەی خۆسوتان لە پارێزگای دهۆک زیاتر بێت لە چاو ساڵی رابردوو".
- 20-03-2014