ئاماری کوژراو و بریندارانی رۆژانی هەڵبژاردنەکانی تورکیا
📊 ئامار و راپرسی
خەندان شاسوار مامە، ئامەد
لەماوەی رۆژی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و رۆژانی دوایی بەهۆی ململانێی لایەنەکان و هێرشی هێزە ئەمنییەکان لە باکووری کوردستان نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و 64 کەسیش برینداربوون.
لە 30ی ئازاری 2014 هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەچوون، له و رۆژەدا لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان ئاڵۆزی و توندوتیژی هاتە ئاراوە و هەتا ئێستاش بەردەوامە.
زۆربەی توندوتیژییەکان بەهۆی ململانێی نێوان موختارەکان بووە لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان، بەتایبەت لە سنووری ئورفا کە شەش موختار لە رۆژی هەڵبژاردن کوژران.
هەروەها لە شارۆچکەی تیلۆی سێرت کاندیدێکی پارتی سەعادەت لەلایەن چەکدارانی نەناسراو کوژرا و لە ماردینیش دوێنێ کاندیدێکی سەرکەوتووی بەدەپە بریندار کرا.
لەلایەکی دیکەوە لە ناوچەی دێرگولی شرناخ لە باکووری کوردستان، هێرش کرایە سەر ماڵی محەمەد دەمیر کاندیدی سەرکەوتووی بەدەپە بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی دێرگول و ماڵەکەی گوللەباران کرا.
شەوی رابردوو کۆمەڵێک چەکدار ماڵی ئەو کاندیدە دەرچوەی بەدەپە گوللە باران دەکەن، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێناکەوێتەوە.
سەرچاوەیەک بە خەندانی راگەیاند: لەکاتی هێرشی چەکداراندا، محەمەد دەمیر لەماڵەوە بووە، بەڵام هیچ زیانێکی پێنەگەیشتوە و تەنها زیانی ماددی بە ماڵەکەی گەیشتووە.
سەرچاوەکە راشیگەیاند: ئەو گروپەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە ناسراون و لە پارێزوانانی گوندەکانن کە کار بۆ حکومەت و لیستی دەسەڵاتدار دەکەن.
لەپاش رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و دەرکەوت کە دەیان گوللە بەر ماڵەکەی هاوسەرۆکی شارەوانی کەوتووە، هەروەها بەرپرسانی بەدەپە و لایەنگرانیان لە ماڵی هاوسەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی شارەوانی دێرگول کۆبوونەوە.
دوێنێش لە ماردین تەقە لە ئەمین ئیرماک کاندیدی سەرکەوتووی بەدەپە بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی ئارتوکلو کرا و بە سەختی بریندار کرا.
ئەگەرچی هەڵبژاردن کۆتایی هاتووە و ئەنجامە بەراییەکان راگەیەندراون، بەڵام ئاڵۆزییەکان رۆژ دوای رۆژ تەشەنە دەکەن و شەڕ و پێکدادان لە چەندین ناوچەی باکووری کوردستان بەردەوامە.
- 02-04-2014