شاسوار ئەحمەد هەرشەمی
نووسەر و زمانناس و مامۆستا و پێشمەرگەی دێرین، شاسوار ئەحمەد هەرشەمی.لە 31-12 ساڵی 1959ز، لە گوندی (پونگینە)ی نزیک
هەولێرهەولێر لە دایک بووە ئەو کاتە باوکی لەوێ مامۆستا بووە. قۆناغەکانی خوێندنی تا ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە زانکۆی بەغدا، بەشی زانستەکان جیۆلۆجیی خوێندووە. دواتر لە ئەنستیتوتی گەشەی جیۆلۆجی مۆسکۆ درێژەی بە خوێندن داوه.
لە ساڵی 1976ز، لە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان کاری کردووە. لە نێوان ساڵانی 1981تا 1989ز پێشمەرگایەتی کردووە. لە بەشی جیا جیا کاری کردووە. ماوەیەک ئەندامی ئەنجومەندی ناوەندی یەکیەتی خوێندکارانی کوردستان بووە. لە دەزگای ڕاگەیاندنی ناوەندی یەکیەتیی و، کۆمیتەی سەرکردایەتی هەولێر و مەڵبەندی سێی هەولێر کاری کردووە. لە کەرتی ڕێکخستنی ڕانیە، سنوری دەشتی بیتوێن، وەک کادیری ڕێکخستن کار و چالاکیی هەبووە. دواتر لە ڕێکخراوی دووی کۆمەڵە کاری کردووە. لە کۆتایی ساڵی 1989ز، بە (زەمالە)ی خوێندن، ناردراوتەە یەکیەتی سۆڤیەت. لە ساڵی 1991ز هاتووەتە وڵاتی سوید. لێرە دیسان لە خوێندن هەڵچووەتەوە و مێژووی خوێندووە. لەم پازدە ساڵەشدا، ساڵانە، چەند پۆینتێکی کۆرسەکانی زانستی بەراوردکردنی پێوانەیی و، زمانە هیندۆروپیەکان دەخوێنێت.
لە ناوەڕاستی سالانی 90، وەک مامۆستای زمانی دایک، وانەی بە کوردی ناوەند، کرمانجی و عارەبی گوتووەتەوە. لە ساڵی 2000ز وەک مامۆستا لە ئامادەیی دەستی بە کار کردوە و هێشتا ئەم کارە دەکات ناوی خوێندنگاکەیلە شاری ستۆکهۆلم بریتیە لە: Enskedegårds gymnasieskolan
هەر لە پۆڵی 4ی سەرەتاییەوە، بە بەردەوامی خەریکی خوێندنەوە بووە. سەرەتا لە کتێبەکانی باوکییەوە دەستی پێکردووە تا فێر بووە خۆی کتێب و گۆڤاری کڕیوە. هەمیشە حەزی لە زمان و مێژوو کردووە.
بەرهەمە چاپکراوەکانی:
1- مێژوی ئارامیەکان لە کوردستان. 1999ز. سلێمانی. دەزگای سەردەم.
2- کارنامەی ئەردەشێری بابەکان. 2000ز سلێمانی. دەزگای سەردەم.
3- سابیئە مەندائیەکان. 2004ز. سلێمانی. دەزگای سەردەم.
4- هەندێک زانیاری گشتی لەبارەی زمانەوە. 2009ز. سلێمانی کوردۆلۆجی.
جگە لەمانە، بە سەدان گوتارو چاپ و بڵاو کردۆتەوە، لە هەموو بوارێکی ئەدەب، مێژوو، زمان، لە نێوان ساڵانی 1982ز و تا ئێستا.
کتێبی ئامادە بۆ چاپ:
1- فەرهەنگی ئێتیمۆلۆژی زمانی کوردی. تا ئێستا 20096 لاپەڕەی فۆلسکاپی مۆنتاژ کراوە.
2- زانستی بەراورد کردنی پێوانەیی لە زمان. 637 لاپەڕەی فۆلسکاپ.
3- چەند گوتارێک لەسەر زمان، بەرگی یەکەم. 210 لاپەڕە.
4- چەند گوتارێک لەسەر زمان، بەرگی دووهم. 200 لاپەڕە.
5- چەند بیرەوەریەک. 325 لاپەڕە.
6- تەتەڵە. پازدە بابەتی مێژویی، 256 لاپەڕە.
7- داستانی گلگامێش. وەرگێڕان و پەراوێز بۆ کردن و لێکدانەوەی. 343 لاپەڕە.
ئەو زمانانەی کە دەیانزانێت: کوردی بە هەردوو زاراوەی سەرەکی ناوەند و کرمانجی. فارسی. عارەبی. ڕووسی. سویدی. ئینگلیزی. هەروەک سەرەدەری لە چەندان زمانی دیش دەکات و سودیان لێ وەردەگرێت.
ئێستا لە سوید، شاری ستۆکهۆلم دادەنیشێت.