بزوتنەوەی گۆڕان و یەکگرتوی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی لەسەر دەستکاریکردنی
📝 بەڵگەنامەکان
روونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی کوردستان
ئێمە وەک چوار لایەنی بەشدار لە پرۆسەی هەڵبژاردن لە سنوری پارێزگای
سلێمانیسلێمانی هەر زوو هۆشداریمان دا بەوەی کە لایەنێک دەیەوێت تەزویرێکی رێکخراو بە چەند قۆناغێک و بە چەند شێوازێک ئەنجام بدات و مافێکی سەرەتایی هەموو دەنگدەرێک کە دەنگدانە پێشێل بکات، لە رۆژی دەنگدانیشدا هەمان ئەو لایەنە تەزویرێکی رێکخراوی ئەنجامدا کە چەندین بەڵگەی حاشاهەڵنەگرمان لەبەردەستدایە و سکاڵامان تۆمار کردوە.
پاش دەرکەوتنی دەرەنجامی سەرەتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن راگەیاندنی حیزب و کەناڵەکانەوە، ئەو لایەنە کەوتە رێخۆشکردن بۆ رەتکردنەوە و ئاوەژووکردنەوەی ئەو ئەنجامانە بەوەی کە تەنها سەرچاوە بۆ راگەیاندنی دەرەنجامەکان کۆمسیۆنە.
پاشان دەرەنجامی ئەنجومەنی پارێزگاکانمان لەلایەن ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنەوە وەرگرت، کە تائێستا ئەنجامەکانی نزیکەی (100) وێستگەمان بەدەست نەگەیشتوە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە چەند جار و لە رێگای چەند کەناڵێکەوە داوای ئەو ئەنجامانەمان لێکردون، بەڵام بێ ئەنجام بووە.
هۆکارەکەشی دەگێڕنەوە بۆئەوەی گوایە بەدەستیان نەگەیشتوە، ئەمەش جێگای گومانێکی گەورەیە. چونکە وێنەی دوەمی فۆڕمی ئەنجامەکان دەچێتە مەکتەبی پارێزگای کۆمسیۆن.
پاش بەراوردی ئەنجامەکان دەرکەوت ئەنجامی بریکارەکانمان لەگەڵ ئەنجامی رەسمی کۆمسیۆن تاڕادەیەک هاوتان، بەڵام لەلایەن لایەنێکی سیاسیەوە بەشێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاردەکرێت بۆ ئاوەژوکردنەوەی ئەو ئەنجامە راستەقینە فەرمیەی کە لە کۆمسیۆنەوە وەرمانگرتوە.
ناکرێت دەرەنجامی راستی دەنگی خەڵک ساختەکاری تێدا بکرێت بۆ رازیکردنی تەنها یەک لایەن لە سلێمانیدا و لایەنەکانی تر بێبەش بکرێن لە مافی دەنگدەرەکانیان.
بۆیە ئێمە بەدەر لە دەرەنجامە فەرمییەکانی کۆمسیۆن کە بە فۆڕمی (902) گەیشتۆتە دەستمان بەهیچ دەرەنجامێکی تر رازی نابین و رەتی دەکەینەوە، ئۆباڵی هەر پێشهاتێکیش دەخەینە ئەستۆی بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی سلێمانی و لایەنی ساختەکار.
ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان - دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان - مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان - ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
16-05-2014