دۆزینەوەی چەندین پارچە ئاسەواری سەردەمی ساسانییەکان لە خانەقین
خەندان- سۆران کەریم
لەکاتی گەڕان بەدوای گۆڕی بە کۆمەڵ لە گەڕەکێکی شاری خانەقین، چەندین پارچە ئاسەواری کۆن دەدۆزرێتەوە و لەلایەن تیمێکی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری گەرمیان، بەشێکیان لێهەڵدەگیرێتەوە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە.
ساڵح محەمەد سەمین، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، بە خەندان_ی راگەیاند : لەلایەن ئیدارەی گەرمیان ئاگادار کراینەوە بەوەی لە کاتی کارکردنی لیژنەیەکی سەر بە مافەکانی مرۆڤ لە گەڕەکی بەختیاری خانەقین، کە بەدوای گۆڕی بەکۆمەڵدا دەگەڕان، چەند پارچە ئاسەوارێک دۆزراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە راستەوخۆ لیژنەیان پێکهێناوە و دەستیانکردووە بە گەڕان له و شوێنەدا، وتیشی : چەند پارچە ئاسەوارێکی کۆن کە بە پێی زانیاری و ئاماژەکان، مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان.
جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو، کە پارچەکان بریتین لە گۆزە و بەردی عەقیق و جام و دراو و چەند پارچەیەکی دیکە، وتیشی : دوو رۆژ لەوشوێنەدا کارمان کرد، ودەرئەکەوێت کە گۆڕێکی کۆن بێت، بەڵام لەبەر کەمی بودجە کارکردنمان تیایدا راگرت تا ئەوکاتەی بودجەی پێویستی بۆ دابین دەکەین، هاوکات بەهۆی دۆزینەوەی ئه و ئاسەوارانەوە کارکردنی لیژنەکەی مافی مرۆڤیش راگیرا.
- 11-06-2014