پەیامی گرووپی ئاشتی ژنانی پارتە سیاسیەکان بۆ ڕای گشتی
📝 بەڵگەنامەکان
لە دوای ئەو وەرچەرخانە سیاسییەی کە لە 2003 لە دەوڵەتی عێراق روِویدا گشت لایەک ئومێدەواربووین بەوەی کە سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراسی لەو وڵاتە بێتە دی و کۆتایی بە شەڕو ناجێگیری و هەڕەشەو کۆمەڵکوژی، بەرامبەر بە پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە بهێنێت، کەچی بەداخەوە رۆژ لە دوای ڕۆژ ململانێی و توندوتیژییە خوێناوییەکان ڕوو لە زیادبوونە بەئەندازەی ئەوەی هەڵگیرسانی شەڕ لە چەند شارێکی عێراق، ئەوەتا شەڕ رۆژێک پارێزگای ئەنبارو سەڵاحەدین و دیالە، ئەمڕۆ بەرۆکی پارێزگاکانی گرتۆتەوە، کە نازانرێت سبەی کام ناوچەی دیکە دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ئەم هێرشانە کە هیچ پاساوێکی بۆ نییە کە ئەمە دەرئەنجامی سیاسەتە هەڵەکانی نیزامێکی تاکڕەوی نادیموکراسیە لە عێراقدا. کە لەو نێوەندەدا قوربانی یەکەم هاوڵاتییانی مەدەنین. ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی فشاری ئابلوقەی دارایی حکومەتی فێدڕالی بۆتەوە بەڵام وەک نەریتێکی هەمیشەیی ئەو میللەتە باوەشی بۆ ئاوارەو لێقەوماوانی ناوچەکانی تری عێراق کردۆتەوەو ئەمە لە کاتێکدا بەرپرسیارێتی لەخۆگرتنی زیاتر لە سەدان ئاوارەی رۆژئاوای کوردستانی سوریای هەڵگرتوە کە قورسایی خستۆتە سەر رەوشی ژیانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە، بۆیە ئێمە وەک گرووپی ئاشتی ژنانی پارتە سیاسیەکانی کوردستان و شەریکەکانمان لە دەزگاکانی حکومەتی هەرێم و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ئامادەین لەو ڕەوشە ئاڵۆزەی کە ئەمرۆ رووبەرووی عێراق و هەرێمی کوردوستان دەبێتەوە ئامادەی هەموو جۆرە پشتیوانییەک لە دەسەڵاتی سیاسی و دامودەزگا ئەمنی و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و دامەزراوەکانی و تری هەرێم بکەین، بە پێشکەشکردنی هاریکاری مرۆیی بۆ لێقەوماوان، لەپێناو دەربازبوونمان لەو قەیرانە. بۆیە داوا لە حکومەتی عێراقی فێدڕاڵ و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و نوێنەری وڵاتانی بیانی لە هەرێم و یەکێتی ئەوروپاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیییەکان دەکەین، بەرامبەر ئەو ڕەوشەی کە لە عێراق ئەمڕۆ لە ئارادایە بێدەنگی نەنوێنن و هاوکاربن لە گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری بۆ ئەوناوچانە، هەروەها بە پەلە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لە دابینکردنی تەواوی پێداویستیەکان بۆ ئاوارەو لێقەوماوان.
لەهەمانکاتدا داوا لە گشت (یەکێتی و سەندیکا و کۆمەڵە و ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان و هاووڵاتیانی دڵسۆزو بەخشندە و دەزگاکانی ڕاگەیاندن) دەکەین پشتیوانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم بن و هاوکار بن لە بەخشینی هاریکاری بۆ لێقەوماوان.
گروپی ئاشتی ژنانی پارتە سیاسیەکان
هەولێر 11-06-2014