ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 7ـی 2014 لە پەیامی حەفتانەی بەڕێز مالکی گوێبیستی کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەما بووین کە خراوەتە پاڵ هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. کە بیر لە ئەم قسانەی مالیکی دەکەینەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەم کەسە تووشی هیستریا بووە و تەوازونی خۆی لەدەست داوە. هەموو هەوڵێکیشی بۆ ئەوەیە کە پاساو بۆ هەڵە و شکستەکانی خۆی بهێنێتەوە و ئۆباڵی فەشەلهێنانی خۆی بخاتە ئەستۆی خەڵکی تر.
لێرەدا بە نووری مالیکی ڕادەگەیێنین جێگەی شانازیی کوردستانیانە کە هەولێر هەمیشە پەناگەی هەموو خەڵکێکی ستەملێکراو بووە و پەناگەی تۆش بووە کاتێک لەدەستی دیکتاتۆری پێشووی خۆت ڕاتکردبوو و ئێستاکەیش خەڵک لەدەستی دیکتاتۆرییەتی تۆ هاتووەتە هەولێر. هەولێریش شوێنی داعش و خەڵکانی وەک داعش نییە، داعشەکان شوێنیان لای تۆیە. هەر تۆ بوویت خاکی عێراق و کەلوپەلی شەش فیرقەی سوپای عێراقت دایە دەستی داعش. جەنەڕاڵە کۆنە بەعسییەکانت لە دەوراوپشتی خۆت کۆ کردەوە و یەک کاتژمێریش بەرگرییان پێ نەکرا. ئێستاکە چۆن و بە چ ڕوویەک دێیت و لەسەر شاشەکان دەدوێیت. تەنیا ئەوەندەت پێ دەڵێین کە داوای لێبوردن لەگەلی عێراق بکە کورسییەکەت جێ بهێڵە و چونکە وڵاتت وێران کردووە و ئەوەی وڵات وێران بکات ناشتوانێ لە قەیرانەکان ڕزگاری بکات.
د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان
9ـی 7ـی 2014