نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماری کوژراو و بریندارانی مانگی رابردووی عیراقی راگەیاند
📊 ئامار و راپرسی
نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق ئاماری کوژراو و بریندارانی مانگی رابردووی عیراقی راگەیاند، نیگەرانی خۆشی لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان دەربڕی.
ئەمڕۆ نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق "یۆنامی" لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە لە ئەنجامی کردەوە توندوتیژییەکانی ناوچە جیاجیاکانی عیراق جگە لە پارێزگای ئەنبار، 1737 عیراقی کوژراون و 1978ی تریش برینداربوون.
نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق "یۆنامی" ئاماژەشی بەوەدا کە له و ژمارەیە، 1186یان هاوڵاتی مەدەنی بوون و 551یان لە هێزە ئەمنییەکانی و هێزی تایبەتی سوات و هێزی پێشمەرگە بوون.
یۆنامی ئەوەشی خستەڕِوو کە لە مانگی تەمووزی رابردوودا 1511 هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون، سەرەڕای 467 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان و هێزی تایبەتی سوات و هێزی پێشمەرگە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا نێردەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "مانگی تەمموز 400 رووداو لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق روویانداوە کە 62یان هێرشی ئاسمانی بوون و بەهۆیانەوە نزیکەی 823 کەس کوژراون و برینداربوون و 30 رووداویشیان بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێنراو و هێرشە خۆکوژییەکانەوە بوون کە بەهۆیانەوە 535 کەس کوژراون و برینداربوون".
نەتەوە یەکگرتووەکانی نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان لە عیراق بەتایبەت کە ژنان و منداڵان زیاتر مەترسییان لەسەرە.
نیکۆلای میلادینۆڤ نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق داوای لە هەموو لایەنە عیراقییەکان کرد پابەندبن بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی مرۆڤ.
- 01-08-2014