33 هەزار خێزانی ئاوارە رو لەکەرکوک دەکەن
📊 ئامار و راپرسی
فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران لەکەرکوک رایدەگەیەنێت، 33 هەزار خێزانی ئاوارە رویان لەکەرکوک کردوه و له و ژمارەیەش هەشت هەزاریان تەنها لەماوەی 24 کاتژمێردا گەیشتونەتە شارەکە.
کەرکوک، ئاوێنەنیوز: سایتی مەداپرێس لەسەر زاری، عەمار سەباح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، تەنها لەماوەی رۆژانی شەممە تا یەکشەممە هەشت هەزار خێزانی ئاوارە لەپارێزگای سەلاحەدینەوە روی لەکەرکوک کردوە کە ئەم رێژە زیادبونە بۆ یەکەمجارە لە 10ی حوزەیرانی رابردوەوە روبدات.
ئاشکراشیکرد، بەمەش ژمارەی ئاوارەبوان بۆ کەرکوک لەسەرەتای روداوەکانی حوزەیرانەوە گەیشتوەتە 33 هەزار خێزان.
عەمار سەباح، وتیشی، فەرمانگەکەی تائێستا مینحەی یەک ملیۆن دیناری بەسەر زیاتر لەسێ هەزار و 500 خێزانی ئاوارە دابەشکردوە.
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە 19ی تەمموزی ئەمساڵ رایگەیاند، یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی لەناوخۆی عێراق تۆمارکردوە کە بەدەست گرفتی جیاجیاوە دەناڵێنن، هۆشداریشیدا لەزیادبونی ژمارەیان.
لە 10ی حوزەیرانی رابردوەوە چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەریدا گرت، پاشان چەند ناوچەیەکی سەر بەپارێزگاکانی کەرکوک و دیالە و سەلاحەدینیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، بەهۆی ترسی هاوڵاتیانیش لەکارە توندوتیژ و دڕندانەکانیان شەپۆلی ئاوارەبون ئه و ناوچانەی گرتەوە.
- 04-08-2014