ئەمساڵ 28 کرێکار لە سلێمانی گیانیان لە دەستداوە
📊 ئامار و راپرسی
هێڤی خالید
سەندیکای کرێکارانی بیناسازی رایدەگەیەنێت کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 28 کرێکار گیانیان لە دەستداوە کە نیوەی بیانین و رەخنەش لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەگرن.
ئەمڕۆ ساڵێک تێدەپەڕێت بەسەر (رۆژی سەلامەتی شوێنی کار لە کوردستان) کە ئەم رۆژەش ساڵی رابردوو لەلایەن کادیر و هەڵسوڕاوانی سەندیکای کرێکاران لە گردبوونەوەیەکدا لە بەردەم دادگای سلێمانی رایانگەیاند.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ لەلایەن عوسمان حەمەسەعید سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سازکرا ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمساڵا تا ئێستا 28 کرێکار گیانیان لە دەستداوە کە دوایەمینیان لە رۆژی 10ی ئەم مانگە بووە لە پڕۆژەی ئاوەڕۆی گەڕەکی فەرمانبەران لە شارۆچکەی دوکان.
ناوبراو باسی لەوەکرد کە قەیرانەکانی دارایی و شەڕی داعش کاریگەریی تەواویان هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی ئیشی کرێکار، چونکە ئەگەر فەرمانبەران یاخود کارمەندانی کۆمپانیاکان لەو مووچەیەی وەریانگرتووە داهاتیان پاشەکەوت کردبێت، ئەوا کرێکاران نەیانتوانیوە ئەوەش بکەن.
عوسمان حەمەسەعید ئاشکرایکرد کە ساڵی رابردوو هەتا رۆژی (20- 10) پەنجا کرێکار گیانی لەدەستدابوو، بەڵام کۆی گیان لە دەستدانی کرێکاران لە ساڵی رابردوودا نەوەد کرێکار بوون.
ئەو بەرپرسەی سەندیکای کرێکاران رونیکردەوە کە هەتا ئێستا هیچ یاسا و بریارێک نییە بۆ قەرەبووکردنەوە و خانەنشین کردنی کرێکارانی رۆژانە کە تووشی کەمئەندام بوون بوون یاخود گیانیان لەدەست دەدەن، لەو رووەشەوە رەخنەی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گرت کە لە بێدەربەستن لە ئاست ئەو رووداوانەی بەسەر کرێکاراندا دێت.
- 20-10-2014